خێزانی هیشام هاشمی رەتیدەکەنەوە پارەی خوێنیان وەرگرتبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانی هیشام هاشمی رەتیدەکەنەوە پارەی خوێنیان وەرگرتبێت و سوورن لەسەر ئەوەی سازش لە کەیسی کوشتنی شرۆڤەکارە سیاسییەکە ناکەن. 
 
خێزانی هیشام هاشمی، ئەمڕۆ هەینی 29ـی تەممووزی 2022 سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێخۆشبوونیان لە کوژرانی شرۆڤەکارە سیاسییەکە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دڵگرانین بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە گوایە لە بەرامبەر خوێنی شەهید هیشام پارەمان وەرگرتبێت. دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە خوێنی شەهید هیشام بە هەموو سامانی جیهان ناگۆڕینەوە و سازشی لەسەر ناکەین."  
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەداخەوە هەواڵەکە لە هەندێک میدیا بڵاوکراوەتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە بکەن و پشتڕاستی بکەنەوە. ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە بریتین لە پڕوپاگەندە و هەواڵی هەڵبەستراو."
 
هەروەها ئەوەش هاتووە: "بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ پارێزەرێکمان رانەسپاردووە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە، بەهۆی ئەوەی شەهیدکردنی رۆڵەکەمان کەیسێکی گشتییە. ئەرکی سەرۆکوەزیرانە بەدواداچوونی راستەوخۆی ئەم کەیسە بکات."  
 
شەوی 6ـی تەممووزی 2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی رووداو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو لەبەردەم ماڵەکەیدا لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ساڵێک لە کوژرانی، مستەفا کازمی دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی راگەیاند. 
 
یەکێک لە بکوژانی هیشام هاشمی، کەسێک بوو بە ناوی ئەحمەد کینانی کە ملازمی پۆلیس بوو و دانپێدانەکەی لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
 
تاوەکو ئێستا کەیسی کوژرانی هاشمی لەلایەن دادگاوە یەکلانەکراوەتەوە و چوار جار دانیشتنەکە داخراوە.