هۆشیار زێباری: ئامانج لە خۆپێشاندانەکەی شەممە دەسەڵاتی دادوەرییە

29-07-2022
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو- هەولێر 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئامانج لێی دەسەڵاتی دادوەرییە و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات خۆیان لە تووندوتیژی بەدوور بگرن. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 29-7-2022 سەتان کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە چوارڕیانی تەحریری شاری بەغدا کۆبوونەوە. مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا قسەی لەگەڵ ژمارەیەکیان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەمشەو لەوێ دەمێننەوە و رۆژی شەممەش درێژە بە ناڕەزایەتییەکەیان دەدەن. 
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەو بارەوە رۆژی هەینی تویتێكی کرد و دەڵێت: "خۆپێشاندانەکانی سبەی رەوتی سەدر ئامانج لێیان دەسەڵاتی دادوەرییە، چونکە ئەو دەسەڵاتە و بڕیارە نادادپەروەرییەکانی، براوەکانی هەڵبژاردنی رۆژی 10-10-2021ی لە مافی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازی بە گوێرەی رێکارە دیموکراسی و دەستوورییەکان بێبەش کرد". 
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئومێد دەخوازێت خۆپێشاندانەکە ئاشتییانە بێت و هانی تەواوی لایەنەکانیش دەدات دان بەخۆیاندا بگرن و لە تووندوتیژی دوور بکەونەوە. 
 
لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021دا رەوتی سەدر 73 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانیش 60 کورسییان بەدەستهێنا. 
 
ئەو سێ هێزە پێکەوە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا و جەختیان لەوە کردەوە کە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکدەهێنن، بەڵام بڕیاری دادگە لەوەی کە دەبێت 220 پەرلەمانتار لە 329 پەرلەمانتارەکەی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئامادەبن، بووە هۆی ئەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت شکستبهێنن، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە نزیکەکانی و سەربەخۆکان زیاتر لە 110 پەرلەمانتاریان هەبوو. 
 
دۆخە چەقبەستووەکە درێژەی هەبوو و رۆژی 15ی حوزەیران 73 پەرلەمانتارەکەی رەوتی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.