مەلەوانگەکان تاکەی پەناگەی خەڵکی بەغدان بۆ خۆفێنککردنەوە

رووداو  بەغدا

بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرما و پچڕانی بەردەوامی کارەبا بۆ چەندین کاژێر، مەلەوانگە و شارە ئاوییەکانی بەغدا بوونەتە تاکە پەناگەی خۆفێنککردنەوە بۆ هاووڵاتیان. 
 
هاووڵاتییان لە بەغدا بە مەلەکردن هەوڵی خۆدەربازکردن دەدەن لە گەرمای پڕووکێنەری هاوین و مەلەوانگەکان سەتان کەس کۆدەکەنەوە.
 
غەیس عائید، کاسبکارە لە بەغدا، لە مەلەوانگەیەکەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ  "گەرما لێرە 50 پلەی تێپەڕاندووە، گەرما تاقەتپڕووکێنەکە ناچارمان دەکات بێینە ئێرە و کەشەکەمان بگۆڕین."
 
زیا محەممەد کرێکارە، رۆژی هەینی (28-6-2024) گوتی "ئەمە جاری سێیەمە لەگەڵ منداڵەکانم بۆ خۆفێنککردنەوە بێینە ئێرە. کارەبا پچڕاوە، کەشوهەوا زۆر گەرمە. ئەمڕۆش هەیینییە و رۆژی پشوومە، حەزمکرد لەگەڵ منداڵەکانم بێینە ئێرە و بە مەلەکردن خۆمان فێنک بکەینەوە."
 
تالیب ساعیدی، خوێندکارە و باسی ئەوە دەکات "کەشوهەوای ئێرە فێنک و خۆشە، ئاوەکەش بە کلۆر پاککراوەتەوە. ئێرە لە هەر شوێنێکی دیکە پاکترە. وەک دەزانن لە عێراق جگە لە خواردنگەکان و هەندێک پارک، شوێنی حەسانەوە و کاتبەسەربردن نییە، بۆیە روودەکەینە مەلەوانگە و شارە ئاوییە داخراوەکان."
 
شارە ئاوییەکان و مەلەوانگەکانی بەغدا پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکانن. بەردەوام ئاوەکان بە پاکی رادەگرن. لە پاڵ ئەمەشدا تیمی فریاگوزاری و مەلەزانی رزگارکەر هەن بەهۆی ئەوەی قەرەباڵخە، بەتایبەتیش لە رۆژانی پشوودا.
 
عەلی یوسف، بەڕێوەبەری یەکێک لە مەلەوانگەکانی بەغدا دەڵێ "تیمی پزیشکیمان هەن بۆ هەر دۆخێکی لەخۆچوون، برینداربوون و هەر دۆخێکی لەناکاو. هەروەها تیمەی مەلەزانی رزگارکەرمان هەن، بۆ بەرگرتن لە رووداوی خنکان. سەبارەت بە ئاوی مەلەوانگەکانمان، ئاوەکانمان فلتەرکراون و هەر سێ رۆژ جارێک تەواوی ئاوەکان دەگۆڕدرێن و دەرمانیان تێدەکرێت و حەوزەکەش پاک دەکرێنەوە."
 
جگە لە مەلەوانگە و شارەئاوییەکان، خێزانەکان روو دەکەنە کەناراوەکانی رووباری دیجلەش، کە سەرباری بوونی مەترسی و ناتەندروستیی، مەلەی تێدا دەکەن. 
 
بەشێکی ئەوانەی روودەکەنە رووباری دیجلە لە بەغدا، کەمدەرامەتن و لەتوانایاندا نییە لەم وەرزە چەند مانگییەی هاوین، بە پارە بچنە مەلەوانگەکان، بۆیە ئەوێ باشترین شوێنە بۆیان.
 
مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە لە رووباری دیجلە بێت یان لە شارە ئاوییەکاندا، تاکە چارەی خۆڕزگارکردنی خەڵکە لە بڵێسەی بکوژی گەرمای هاوین.