حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار بەنزینی ئۆکتان 98 بەرهەم دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتان 98ی راگەیاند.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوای تەواوکردنی یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ یەکەمینجار لە عێراقدا بەنزینی ئۆکتان 98% بەرهەمهێندرا کە تێکڕای رۆژانەی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیترە.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بە هەوڵ و دڵسۆزانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کواڵیتی بەنزینی ئۆکتان 92یان بۆ بەنزینی سوپەری ئۆکتانی 98% بەرز کردووەتەوە.
مانگی شوبات، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرۆژەی پاڵاوگەکانی باکووری بە توانای 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کردەوە.
لە عێراق سێ جۆری بەنزین بە سێ نرخی جیاواز دەفرۆشرێت؛ نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر. نرخی بەنزینی نۆماڵ 450 دینار، موحەسەن 850 دینار و سوپەریش 1250 دینارە.
حوسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دەڵێت، بەنزینی نۆرماڵ لای هاووڵاتییان زیاتر بەکاردەبرێت کە 82%ی کۆی گشتیی بەکاربردنی رۆژانەیە.
بە گوتەی حوسێن تالیب، پار رۆژانە 14-15 ملیۆن لیتر بەنزینیان هاوردە دەکرد، بەڵام دوای بەگەڕخستنی پاڵاوگەی کەربەلا رۆژانە نزیکەی 7 - 8 ملیۆن لیتر هاوردە کراوە، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم و بەگەڕخستنی پاڵاگەی باکووریش، ئێستا هاوردەکردنی بەنزینی رۆژانە بۆ 4 ملیۆن لیتر کەمبووەتەوە.