رووداو دیجیتاڵ
شوێن و کاتی خۆپێشاندانی ملیۆنیی سەدرییەکان دیاریکرا، کە سەدرییەکان بەنیازن لە دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن کۆچبەرێکی عێراقییەوە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا بیکەن.
لیژنەی ناوەندیی رەوتی سەدر بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی لە شاری بەغدا دوای نوێژی مەغریب خۆپێشاندانی تووڕەیی گەورەی ملیۆنی لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوێد بەڕێوەدەچێت، هەرچی پارێزگاکانی دیکەیە، ئەوا خۆپێشاندانی خۆڕسکانە لە ئەمڕۆوە و دوای نوێژی هەینی دەبێت.
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە تویتێکدا داوای کرد خۆپێشاندانێکی تووڕەیی گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق بکرێت، کە تێیدا داوابکرێت باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت.
سەدر، سوێد بە دەوڵەتێکی دوژمن بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و پشتیوانی خراپەکاری ناو دەبات و داوا دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بپچڕێنرێت.
إسوإ
هەروەها موقتەدا سەدر داواش دەکات وڵاتینامەی عێراقی لەو کەسە وەربگیرێتەوە کە لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، دادگەش کاربکات تاوەکو بیگەڕێنێتەوە عێراق یان بە بێ ئامادەبوون خۆی سزای بدات کە شایستەی ئەو تاوانە بێت کە کردوویەتی، ئەمەش وەک بەرگرییەک لە ئیسلام و ئاینزاکان.
هەروەها سەدر بە پێویستی دەزانێت حکومەت لەکاتی دەستگیرکردنیدا ژیانی ئەو تاوانبارە لە عێراق بپارێزێت و پارێزگاری لێ بکات.
لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کۆچبەرێکی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سەلوان کە پەنابەرێکی عێراقیی بە بنەچە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، رۆژی 5ـی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، چاوەڕوانی رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکان دەکات بۆ ئەوەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد قورئان بسووتێنێت و گوتی، جاری داهاتووش لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئان دەسووتێنێت، بەڵام رۆژی 10ـی شوبات لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە داواکەی رەتکرایەوە، رۆژی 14ـی شوبات داوایەکی خستە بەردەم دادگەی فیدڕاڵی لە ستۆکهۆڵم بۆ رازی بوون لەسەر بابەتەکە.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە "عێراقییەکی لیبراڵ، عەلمانی و بێ ئایین" دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018 و ئەندامی پارتە دیموکراسییەکانی سوێدە. دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل.
حکومەتی عێراق بە "تووندی" سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکات، هۆشداری لە ئەنجامە "نەرێنییەکانی" دەدات و دەڵێت، "پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە."
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات کە ئەمە چەندینجارە لەلایەن کەسانی دەروون نەخۆش و تووندئاژۆوە بە ئاشکرا و پڕ لە رق و کینە ئەم کارە دەکرێت، وەک ئاڵنگارییەک بۆ هەموو بەها جوان و مرۆییەکان کە هانی رێزگرتن لە ئایینەکان و کتێبە پیرۆزەکان دەدات."
حکومەتی عێراق پێیوایە: "ئەم کارە قێزەونە کە هەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازارداوە، بێڕێزییشە بە خودی گەلانی رۆژئاوا کە هەمیشە شانازی بە لەخۆگرتنی فرەیی، رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە، پاراستنی ئایینەکان و مافی پەیڕەوکەرانی دەکەن." دەشڵێت: "ئەوە کردەوەیەکی رەگەزپەرستی و هاندانی تووندوتیژی و رق و کینەیە."
حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەکات "دەستپێشخەری بکەن و درێژەدان بەو کارە خراپانە رابگرن کە هەمووان بەرەو ئەنجامێک دەبات کە کەس خوازیاری نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ