جەعفەری لەگەڵ شاندێكی یەكێتی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات

رووداو- هەولێر

ئیبراهیم جەعفەری لەگەڵ نەجمەدین کەریم و لەتیف رەشید لە شاری بەغدا پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن.

نووسینگەی دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوە، کە ئەمڕۆ لە شاری بەغدا دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری  لەگەڵ هەریەک لە نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەتیف رەشید، راوێژکاری جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتی دانووستاندنی لایەنە سیاسییەکان تاتوێکراوە و جەختیشکراوەتەوە لە پێویستی هاوکاریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

هاوکات هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لەسەر پێویستی یەکڕیزی نیشمانی و بەشداریکردنی کارا لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجامبدرێت.