ئوم لوول، سەماکارە عێراقییەکە بە زیندانی تاهەتایی سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو ئافرەتە سەماکارەی یەکێکە لە کاراکتەرە بەناوبانگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە "ئوم لوول" دەناسرێت، بە زیندانی تاهەتایی سزا دراوە.
حوسێن یوسف تمێمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لە عێراق رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و بە بڕیاری دادگە، تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران، دوای لێکۆڵینەوە و هەوڵی چری هەواڵگری، کەسێک بەناوی (هـ. خ. ع.) کە بە ئوم لوول ناسراوە، دەستگیرکرا. ئەو مادەی هۆشبەری بۆ بازرگانی دەگواستەوە."
هەروەها ئەوەی روونکردووەتەوە ئەو ئافرەتەیان رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کردووە و بەپێی بڕگەکانی مادەی 28ـی یاسای مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان، بڕیاری زیندانی تاهەتایی بۆ دەرچووە.
ئوم لوول، ئافرەتێکی سەماکاری عێراقییە، یەکێکە لەو کەسانەی لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بەناوبانگ بوو، زۆر جار لە یانەکانی شەوانە و کافتیریاکان دەردەکەوت.
ئەو ئافرەتە ناوی تەواوی هەدیل خالید عەبدولرەشید سامەڕاییە، لەدایکبووی ساڵی 1998ـی بەغدایە، ڤیدیۆ و وێنە نیمچە رووتی بڵاودەکردنەوە.
هەرچەندە لە سۆشیاڵ میدیا وا بڵاوکرایەوە ئوم لوول پاسپۆرتی دیپلۆماسیی هەبووە، بەڵام عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا مانگی رابردوو رەتیکردەوە ئەو پاسپۆرتەی پێدرابێت.
رۆژی 23ـی نیسانی ئەم ساڵ، دادگە بەپێی مادەی 402ـی یاسای سزادانی عێراقی و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاو و قسەی نەشیاو، بڕیاری 4 مانگ زیندانیی بۆ ئوم لوول دەرکرد.