بریکارێکی وەزیری نەوت: هەوڵدەدەین بە زووترین کات هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەغدا چاوەڕێیە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت دەستپێبکاتەوە. کۆبوونەوەیەک کە دوایینجار رۆژانی 7 تاوەکو 9ی مانگی یەک بەڕێوەچوو.
باسم محەممەد، بریکاری وەزیر لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رووداوی گوت، "ئامانجی وەزارەت هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی دڵنیایی پلانی ستراتیژیی وەزارەت بێت. بە زووترین کات هەوڵی هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەدەینەوە. ئێستا کارەکان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هەرێم، هیوامان هەیە لە رۆژانی داهاتوو بگەینە دیدێکی هاوبەش بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت".
هەرچەند لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە بۆ هەر بەرمیلێک دەکاتە نزیکەی 12 دۆلار و نیو، بەڵام ناردنی پارەکە بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە مەرجدار کراوە.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەپرسێت: گەنجینەی عێراق زیانمەند بووە بە هۆکاری وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان؟ ئەو پەرلەمانتارە لە وەڵامدا گوتی: "هەرگیز زیاندمەند نەبووە، هەمان بڕ هەناردە دەکات، هیچ کێشەیەکی نییە، بە دیلی تری هەیە ئەنجامی دەدات".
سەرەڕای گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە 14 مانگە حکومەتی عێراق بە پاساوی جیاوازی گرێبەستە نەوتییەکان، رێگری لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و بە پاساوی هەناردەنەکردنی نەوتیش، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت.