پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 29/5/2021 پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە، کە تێیدا باسی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دەکات و دەنگ بۆ سێ پرۆژەیاسا دەدات و خوێندنەوەش بۆ دوو پرۆژە یاسای دیکە دەکات.
هۆشیار قەرەداخ، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 4ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش بریتییە لە: گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، دەنگدان بە پرۆژە یاسای پەسندکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان عێراق و سعودیە، دەنگدان بە پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی نەسەپاندنی دوو باجی و قەدەخەکردنی قاچاخچێتی لە نێوان عێراق و کوێت".
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هۆشیار قەرەداخی ئاماژەی پێدا، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان دەنگدان بە پرۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای نەوتی نیشتمانی ژمارە 4ی ساڵی 2018 و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینیی کرێکاران و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ئامار و سیستەمی زانیاری.
شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام بوو. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە 254 هاووڵاتیی فەڵەستینی کوژران کە 66ـیان منداڵ و 36ی دیکەیان ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 900 کەسی دیکە برینداربوون. لە ئیسرائیلیش 12 کەس کوژران کە دووانیان منداڵ بوون.
پێشتریش هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش راگەیێندراویان بڵاوکردەوە کەتێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کرد.