نزیکەی 700 هاووڵاتی عێراقی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێندرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی عێراقی و سووریای ئاشکرایان کردووە، بە سەتان هاووڵاتی عێراقی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان وەرگیراونەتەوە و دەخرێنە ژێر چاودێریی پزیشکەوە.
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، نزیکەی 700 هاووڵاتی عێراق، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گەیشتوونەتەوە موسڵ، لەوێش دەخرێنە ژێر بەرنامەی تایبەت و بە هاوکاری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان تاوەکو لەو "ئایدۆلۆژیای تووندڕەوییە"، دووربخرێنەوە. 
 
شێخمووس ئەحمەد، بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کە سەرپەرشتی کەمپەکان دەکات رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 187 خێزانی عێراق کە پێکهاتبوون لە 697 کەس، گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق و ئەمەش 15مین کاروان بووە بۆ عێراق. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هۆشداری لە مانەوەی عێراقییەکان لە کەمپی هۆل دەدات و دەڵێت، "مانەوەیان لەوێ وەکو بۆمبێک وایە. رەنگە ئاسایشی عێراق بخاتە ژێر مەترسییەوە". 
 
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵیدابووە بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی لەو کامپانە، بەڵام هێشتا زۆرترین هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلن. سووریاییەکان لە پلەی دووەم دێن و زیاتر لە 16 هەزار ئافرەت و منداڵی سووریایی لەو کەمپەن. بێجگە لەوەش 57  هەزار هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەو کەمپە دەژین. 
 
لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش لەساڵی 2019، بە هەزاران کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعش لەو کامپانە دەستبەسەرکراون و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێن. 
 
سەرەتا نزیکەی 73 هەزار کەس لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ دەستبەسەر بوون. بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وڵاتان ژمارەیەک لە هاووڵاتییەکانی خۆیان وەرگرتووەتەوە. 
 
سیامەند عەلی، فەرماندە لە هەسەدە، پێیوایە بوونی کەسانی بیانی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ، گوشاری زیاتر بۆ سەر هەسەدە دروست کردووە و گوتی، "وەرگرتنەوەی ئەو خەڵکە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە، هەنگاوێکی ئەرێنییە و گوشارەکانی سەر ئێمەش کەمدەکاتەوە". 
 
نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند تائێستا 7 هەزار و 556 هاووڵاتی عێراقی لەو کامپانە وەرگیراونەتەوە، بەڵام دیارنییە چەند عێراقی ماونەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئێستا 42 هەزار و 781 کەس لە کامپی هۆل دەستبەسەرن و لەو ژمارەیەش 19 هەزار و 781یان عێراقین. 16 هەزار و 779 هاووڵاتی سووریایی، 6 هەزار و 461 هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکەش لەو کەمپە دەژین.