شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدایە؛ 'عێراق گەنمی کوردستان هەرزانفرۆش دەکات'

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و دەیانەوێت، کاروباری پەیوەست بە فرۆشتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تاوتوێ بکەن. وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەیانەوێت گەنمی کوردستان هەرزانفرۆش بکەن".
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەداخەوە سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت کە ئەویش سیاسەتی زوڵمە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، دەیانخەنە ژێر بارێک بە دیاریکردنی رێژە، بۆ نمونە بە ئێمە دەڵێن 300 هەزار تۆنتان لێ وەردەگرین و ئەوەی دەمێنێتەوە لەنێو بازاڕی رەش بە نیوەی نرخ لە جووتیارەکانی دەکڕنەوە".
 
بێگەرد تاڵەبانی تووڕەیە لەو قسانە و دەڵێت، "ئەگەر ئەو گەنمە گەنمی قاچاخە چۆن ئەوان رێگە دەدەن لە سایلۆکانی عێراق بەبازاڕ بکرێت؟ لەبەرئەوە هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو ئەمە دەکرێت بڵێم دەستێکی لە پشتە بۆ ئەوەی گەنمی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی وەرنەگیرێت و ستەم لە جوتیاران بکرێت لە هەمانکات بە نیوەی نرخ گەنمەکەیان پێ هەراج بکەن لە بازاڕی رەشدا".
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی و تێبینییەکانیان گەیاندە  لیژنەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی پەرلەمانی عێراق و بڕیارە سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق کۆببنەوە. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ رووداوی باس کرد، "لەگەڵ سەرۆکوەزیران لەسەر خەتین بۆ ئەم بابەتە، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو لیژنەیەی کە پێشتر هەبووە بۆ رێژەی وەرگرتن دیاری بکات لە هەرێم هەوڵ دەدەین هەر نەمێنێت چونکە ئەو لیژنەیە بڕەکان دیاری دەکات. دەمانەوێت چەند هەیە وەکو خۆی ئەوەندە وەربگیرێت لەلایەن حکومەتەوە. دەبێت حکومەت لەکاتی بڕیاردانی یاساکە باس لەوە ناکات هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە، ئەو بڕەی دانراوە بۆ هەموو عێراقە".
 
سەرەڕای کێشەی سیاسی، ناکۆکی و ململانێکانی هەولێر و بەغدا بۆ دەیان پرسی وەک وەرگرتنی گەنم، هاوردەکردنی تەماتە و رێگری لە چوونی هێلکە و مریشکی کوردستان بۆ بەغدا شۆڕبووەتەوە و بۆ هەر کێشەیەک چەندین کۆبوونەوە و شاند و شاندکاری پێویستە.