پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پڕۆژەیەک بۆ یارمەتیدانی جووتیاران تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەدرێت و خوێندنەوەش بۆ پێنج پڕۆژەیاسای دیکە دەکرێت. یەکێک لە پڕۆژەکان ئەوەیە کە 5 هەزار دۆنم زەوی بۆ ماوەی 25 ساڵ دەدرێتە هەر کەسێک کە بیەوێت کاری کشتوکاڵی یان ئاژەڵداری تێدا بکات.  

ئەمڕۆ شەممە، 29-04-2023، زۆزان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ، ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کار، خوێندنەوەی دووەمە بۆ پڕۆژەیاسای کرێی زەویی کشتوکاڵی کە لە 15 مادەی پێکهاتووە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، بەپێی پڕۆژەکە، 5 هەزار دۆنم زەوی بۆ ماوەی 25 ساڵ دەدرێتە هەر کەسێک کە وەبەرهێنانی لە بواری کشتوکاڵ یان ئاژەڵداری تێدا بکات؛ هەروەها ئەگەر 5 بۆ 10 دۆنم زەوی بکاتە دارخورما یان زەیتوون ئەوا دوای تێپەڕبوونی 5 ساڵ زەوییەکەی لەسەر تاپۆ دەکرێت.
 
لەبارەی کەسی سوومەندبووی ئەو پڕۆژەیە، زۆزان عەلی گوتی، "نابێت کەسی سوودمەندبوو، فەرمانبەری دەوڵەت، سەرباز یان کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بێت. جگە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، نابێت زەوییەکە بۆ مەبەستی دیکە بەکاربهێنێت. ئەوانەشی پێشتر زەوییان وەرگرتووە و بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاریان نەهێناوە، زەوییەکەیان لێ وەردەگیرێتەوە". 
 
بەپێی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ دەستپێدەکات. بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش بریتییە لە:
 
- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشک و کیمیایی و بایۆلۆژی.
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی زانستی و راو‌ێژکاری لە دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتننامەی مەغریب تایبەت بە ئاسانکاری بۆ نابینایان و خاوەن پێداویستییەکان لە خوێندنەوەی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە سیستمی بنەڕەتیی رێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی دوورکەوتنەوە لە دوو باجی و رێگری لە بەقاچاخبردنی دارایی لە باجی داهات و سەرمایە لەنێوان عێراق و کوێت.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای کرێی زەویی کشتوکاڵی.
 
دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 کە رۆژی 17-04-2023 تەواو کرا. دانیشتنەکە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17-04-2023، دەستیپێکرد، دواتر بۆ کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی دووشەممە هەڵگیرا و شەوی هەمان رۆژ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، 2024 و 2025 کۆتاییهات.