لە بەغدا مێردمنداڵێکى بێ دایک و باوک هیچ لەبارەى ژیانییەوە نازانێت و نەخۆشی دڵی هەیە

29-04-2022
ئەنمار غازی
لە بەغدا مێردمنداڵێکى بێ دایک و باوک هیچ لەبارەى ژیانییەوە نازانێت و نەخۆشی دڵی هەیە
لە بەغدا مێردمنداڵێکى بێ دایک و باوک هیچ لەبارەى ژیانییەوە نازانێت و نەخۆشی دڵی هەیە
نیشانەکردن منداڵێکی نەخۆش لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد مێردمنداڵێکى 13 ساڵانە، لە بەغداى پایتەختی عێراق دەژى، بە لەرەدەنگێکى تێکشکاو باس لە ژیانى دەکات کە هیچى لەبارەوە نازانێت، تەنانەت ناوى خۆیشى بە تەواوى نازانێت، ئەو بێ دایک و باوکە و بەهۆى ئەوەى بەڵگەنامەى فەرمیى نەبووە، لە منداڵییەوە نەیتوانیوە بچێتە بەرخوێندن، چونکە بەڵگەنامەى لەدایکبوونى لە ئاگرێکدا فەوتا کە بەهۆیەوە دایکى گیانى لەدەستداوە، چەند مانگێک دواى ئەو رووداوە، باوکیشى بە جەڵتەى دڵ کۆچى دوایی کردووە.
 
محەممەد عەبدولسادق، مێردمنداڵە بێ دایک و باوکەکە بە رووداوی گوت، "من منداڵ بووم کە دایک و باوکم گیانیان لەدەستدا، وەک ئەوەى لە کەسە نزیکەکانم بیستووە، دایکم بەهۆى تەقینەوەى ئامێرى چێشتلینانەوە لە ماڵەوە گیانى لەدەستداوە، بەهۆیەوە خانووەکەمان سووتا بە سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکان و گرێبەستى هاوسەرگیریى و بەڵگەنامەى لەدایکبوونیشمەوە، تاوەکو ئێستا نەمتوانیوە بەڵگەنامەیەکى جێگرەوەى لەدایکبوونم دەربکەمەوە، هەرچى گرێبەستى هاوسەرگیرى باوک و دایکمە لە دەرەوەى دادگە ئەنجامدرا بوو."
 
کێشەکانى محەممەد لێرەدا نەوەستا، ئەو نەخۆشى درێژخایەنى دڵى هەیە، ناتوانێت کار بکات و درێژە بە ژیانى بدات و پشت بەخۆى ببەستێت، لەگەڵ ئەو کەسە نزیکانەى دەژى کە لە منداڵییەوە ئەرکى بەخێوکردنیان خستووەتە سەر شانیان.
 
محەممەد عەبدولسادق باس لەوەش دەکات، "لەپاش مردنى دایک و باوکم، ژنێک ئەرکى بەخێوکردنمى خستە ئەستۆى خۆى، وەسێتى بۆ منداڵەکانى کرد کە بمژییێنن، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا من لەلاى ئەوان دەژیم، ئەو ژنە ماوەیەک لەمەوبەر کۆچى دوایی کرد".
 
ماوە ماوە محەممەد هەوڵدەدات کێشەکانى بگەیێنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکى نییە کە پشتى پێ ببەستێت، دەگەڕێت بە دواى یەکێکدا کە بەڵگەنامە فەرمیییەکانى بۆ دابین بکات و چارەسەرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکەى بکات.
 
بەگوێرەى ئامارێکى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق کە سەرەتاى ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، پێنج ملیۆن منداڵى بێ باوان هەن کە پێنج لە سەتى تێکڕاى منداڵى بێ باوانن لە جیهان، ئەوە جگە لەوەى کە چوار ملیۆن منداڵ لەنێو ئەو خێزانانەن کە لەژێر هێڵى هەژارییەوەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە