لیژنەی دەستپاكی: مەشعان جبووری بڕوانامەی ئامادەیی نییە

29-04-2015
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن مەشعان جبووری
A+ A-

رووداو- هەولێر

لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە بڕوانامەی مەشعان جبووری رادەگەیێنێت و گوتەبێژی لیژنەكەش دەڵێ‌ "ئەگەری لەدەستدانی ئەندامییەتی پەرلەمانی هەیە".

عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2015، لیژنەی دەستپاكی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە، سەبارەت بە وردبینی و بەدواداچوون لە سەر بڕوانامەی پەرلەمانتار مەشعان جبووری، بەپێی بەڵگەنامە و قسەكانی بەرپرسانی كۆمسیۆن، ناوبراو بڕوانامەی نەهێناوە بۆ كۆمسیۆن و تاوەكو ئێستاش بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستنەهێناوە".

عادل نووری هەروەها گوتی" لیژنەی دەستپاكی لەسەر راسپاردەی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لێكۆڵینەوە لە بڕوانامەی ئەو پەرلەمانتارە كردووە و سبەی تەواوی زانیاری و لێكۆلێنەوەكان رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دەكات".  گوتیشی:" و بەرپرسانی كۆمسیۆن بە ئێمەیان گوت مەشعان جبووری، مافی خۆكاندیدكردن و ئەندامبوونی لە پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵام دوابڕیار لە لای پەرلەمانی عێراقە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە".

یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە ساڵی 2013 پەسەندكراوە، لە ماددەی 8 لە بڕگەی چوارەمدا باسی مەرجەكانی خۆكانیدكردن دەكات و تێدا هاتووە‌:" بەلای كەمەوە بڕوانامەی ئامادەیی یاخود هاوتاكەی بەدەستهێنابێت".
 
مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەرەبییەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە یەكێك لە سیاسییە ناجێگیرەكانی عێراق ناسراوە، كە هەر ماوەیەك بیروبۆچوونێكی سیاسیی جیاوازی هەیە. جبووری، دژی زیادەڕەوی دەسەڵاتی كورد و سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی سێ پارێزگاکەی هەرێمدا بێت و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە، سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە کارێکی ئاسایی دەزانێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە