رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت، بڕیارێک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە کە رێگە دەدات ژمارەیەکی دیاریکراو لە هاونیشتمانییانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریا بتوانن ڤیزە وەربگرن.
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئادار عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە لەسەر پێدانی ڤیزە بە ژمارەیەکی دیاریکراوی سووریاییەکان بە چوار مەرج، ئەوەش دوای رێگەپێدانیان لەلایەن فەرمانگەی وردبینی ئەمنییەوە."
بە گوتەی عەمید میقداد میری، مەرجەکان ئەمانەن:
1- ژنێکی سووریایی کە ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقی پێکهێنابێت.
2- هاووڵاتییەکی سووریا کە منداڵێکی خاوەن وڵاتینامەی عێراق بێت.
3- پیاوێکی سووریایی لەگەڵ ژنێکی عێراقی ژیانی هاوژینی پێکهێنابێت.
4- هاووڵاتییەک کە دایکی سووریایی بێت، بەڵام دایکەکە جیابووبێتەوە و ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقی پێکهێنابێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "هێشتا بڕیارەکە لە وەزارەتی دەرەوەیە و بۆ ئێمە نەنێردراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دوای پشووی جەژنی رەمەزان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. ئامانجیش لەو بڕیارە پاراستنی بنەماکانی یەکگرتوویی خێزانە."
عەمید میقداد میری گوتی: "ئەو سووریاییانەی ئەو مەرجانە دەیانگرێتەوە، دەتوانن بە بەڵگەنامەکانیانەوە سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق بکەن و لەوێ خۆیان ناونووس بکەن، دواتر هەر لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ