رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی گشتیی ساڵی 2024 و بودجەی زیاتر بۆ پارێزگاکان تەرخانکراوە، باسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووکیش دەکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دووەمی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، کە دەستەیەکە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە خۆدەگرێت ئەو قسانەی کرد.
سوودانی رایگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکێک بوو لەو وێستگانەی بە دەستکەوت بۆ پڕۆسەی سیاسیی لەم ماوەیە هەژماردەکرێت دوای دابڕانێک کە دە ساڵ بوو بەردەوام بوو، هەروەها لە پارێزگای کەرکووکیش لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردن نەکرابوو، ئەوەش تۆکمەکردنی سیستەمی سیاسیی و پتەوکردنی نامەرکەزییەتی ئیدارییە کە دەستوور باسی کردووە و سەرجەم هێزە سیاسییەکان رژدن لەسەری."
محەممەد شیاع سوودانی گوتیشی: "پێویستە حکومەتە خۆجێیەکان هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتی بەو حکومەتانە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و یەکە ئیدارییەکان بەهێز بکەن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "کارکردن بە گیانی یەک تیم" یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی حکومەتە خۆجییەکان بە هەردوو دامەزراوەی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
محەممەد شیاع سوودانی داواکاریشی لە میوانەکانی هەبوو، کە بەشێک لە پارێزگارەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە خۆگرتبوو و گوتی" دووربکەنەوە لە هەموو شێوازەکانی ناکۆکیی و ململانێیە سیاسییەکان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەشیکردووە کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سێ پارێزگای دیکە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆی دەبێت.
سوودانی باسی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2024یشی کرد کە دەبوو بنێردرێت بۆ پەرلەمان تاوەکو پەسندی بکات و رایگەیاند: "دەستمانکردووە بە ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 و شایستەی دارایی دیکە بۆ پارێزگاکان زیادکراوە کە بۆ ژێرخانیان تەرخاندەکرێت."
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا، لەنێویاندا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ