نووری مالیکی: داوا دەکەم پلاسخارت عێراق بەجێبهێڵێت
رووداو دیجیتاڵ
وێڕای گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر رێککەوتنێکی 22 ملیار یۆرۆیی لە نێوان عێراق و کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی فەرەنسی، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: "گرێبەستەکە واژۆ ناکرێت." داواش دەکات پلاسخارت عێراق بەجێبهێڵێت.
نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لەو کاتەدا گرێبەستەکە واژۆی لەسەر دەکرێت، کە "داواکارییەکانی عێراق" جێبەجێبکرێن.
مالیکی بە رۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەرەنسی گوتووە: "من دڵنیام لەم کاتەدا عێراق واژۆی ناکات،" چونکە گرێبەستەکە بە دڵی ئەوان نییە. مالیکی هەروەها رایگەیاندووە: "ئێمە هەوڵی گۆڕینی هەندێک شتمان دا، بەڵام کێشەکان چارەسەر نەبوون."
بە گوتەی مالیکی، بەغدا دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی ئێکسۆن مۆبیل، بی پی و تۆتاڵ ئینێرجی واژۆ بکات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "پێویستە ئەم کۆمپانیایانە رێز لە بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتەکەمان بگرن، واتە گرێبەستی خزمەتگوزاری واژۆ بکەن، نەک گرێبەستی هاوبەشی."
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە و بابەتێکی جیادا، مالیکی بە تووندی هێرش دەکاتە سەر جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە "دەستوەردان" لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
مالیکی داوادەکات پلاسخارت شوێنەکەی بۆ کەسێکی دیکە جێبهێڵێت.
دەقی بەشێکی هەڤپەیڤینەکەی مالیکی لەگەڵ رۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەرەنسی:
رۆژنامەی لۆ فیگارۆ: جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، داوای گۆڕانکاری سیستماتیک دەکات. بەڕێزتان چی دەڵێن؟
نووری مالیکی: نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان رێز لە رۆڵی خۆی ناگرێت و زیاتر لە بەڕەکەی خۆی پێ رادەکێشێت و دەستوەردان لە کاروباری پەرلەماندا دەکات. رێککەوتنی ئێمە و نەتەوە یەکگرتوەکان تەنها باس لەوە دەکات، کە ئەگەر عێراق پێویستی بە یارمەتی هەبوو، بەغدا داوای فەرمی لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات، ئەمەش لە رێگەی نوێنەرەکەیانەوە لە بەغدا. گرفتەکە لەوەدایە کە نوێنەرەکەیان هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، بۆیە من داوادەکەم کە ئەو بڕوات و جێگاکەی بە کەسێکی دیکە پڕبکرێتەوە.
رۆژنامەی لۆ فیگارۆ: جەنابتان کەسێکی نزیکن لە وەزیری نەوت. تۆتال ئێنێرجی و عێراق دەتوانن گرفتەکانیان تێپەڕێنن و گرێبەستەکەی نێوانیان واژوو بکەن کە لە 2021 وە ئامادەکراوە؟
نووری مالیکی: سەرەڕای بەردەوامیی گفتوگۆکان، من پێموانییە کە ئەو رێککەوتنە واژۆ بکرێت. ئەگەر داواکانی عێراق جێبەجێبکرێن و سەر لەنوێ هەموار بکرێتەوە، بۆچی نا؟ رەنگە بتوانین واژۆی بکەین، بەڵام لە دۆخی ئێستادا، من دڵنیام کە عێراق واژوی ناکات. ئەو رێککەوتنەی کە وەزیری پێشوو نەوت ئامادەی کردووە، وەڵامی چاوەڕوانییەکانی عێراق ناداتەوە. راستییەکەی لە رێککەوتنەکەی پێشوودا عێراق و تۆتال ئێنێرجیش رێز لە یاسا ناگرن. ئێمە کارمان لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە و چەندین پێشنیازمان بۆ سەرلەنوێ هەموارکردنەوەی پێشكێشکردووە، بەڵام تائێستا گرفتەکانمان چارەسەر نەکراون. عێراق دەخوازێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک ExxonMobil, BP و TotalEnergiesگرێبەست واژۆ بکات، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت رێز لە بڕیارەکانی وەزیری نەوتی ئێمە بگرن، ئەمەش تەنیا بەوەدەبێت کە گرێبەستی (خزمەتگوزاری) واژۆ بکەن، نەک گرێبەستی (بەرهەمهێنان)."