بەرپرسێکى پێشووى عێراق لەسەر فەوتانى 35 تۆن نیسک و دزرانی 19 باری بەشەخۆراک دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکى پێشووى وەزارەتى بازرگانیى عێراق لەسەر فەوتانى 35 تۆن نیسک و دیارنەمانى 19 لۆرى بارى بەشە خۆراک دەستگیرکرا، کە تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى لەو دوو دۆسیەیەدا بەفیڕۆچووە، زیاتر لە ملیارێک و 600 ملیۆن دینارە.
 
29ـی ئادارى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند بەڕێوەبەرى پێشووى بەبازاڕکردنى وەزارەتى بازرگانیی عێراق دەستگیرکراوە، کە پێشتر لەلایەن دادگاوە بە بێ ئامادەبوونی خۆی، دوو سزاى بەندکردنی دراوە. ئەو بەرپرسە بۆ دەرەوەى وڵات هەڵاتووە و لەدواى گەڕانەوەى بۆ عێراق، دەستگیرکراوە.
 
یەکێک لەو دۆسیانەى لەسەر ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى بازرگانى عێراقە، بە فیڕۆدانى 35 تۆن نیسکە کە بەهاکەی گەیشتووەتە 80 ملیۆن و 100 هەزار دینار، بەفیڕۆچوونەکەشی بەهۆى ئەوە بووە، لەکاتى خۆیدا نەتوانراوە ئەو بڕە نیسکە بفرۆشرێت و واى لێھاتووە بۆ بەکارهێنان شیاونەبێت، بەهۆى ئەو دۆسیەوە لە ساڵى 2021 لەلایەن دادگەى کەتنى کەرخ، بەرپرسەکە بە حەوت ساڵ بەندکردن سزادراوە.
 
دۆسیەى دووەم کە ئەو بەرپرسەى لەسەر دەستگیرکراوە، تایبەت بووە بە واژۆکردنی گرێبەستى بەکرێگرتنى لۆرى گواستنەوەى بەشەخۆراک لە بەندەرەکانى بەسرەوە بۆ  لقەکانى کۆمپانیاى بەشە خۆراک، کە بەهۆی پشتگوێخستنەوە، 19 بارى ئەو بەشە خۆراکانە دزراون و بەهاى ئەو زیانەى بەهۆى ئەو کێشەیەوە لەسەر وەزارەتى بازرگانى کەوتووە، یەک ملیار و 531 ملیۆن و 396 هەزار و 500 دینار بووە، لەسەر ئەو دۆسیەیەش لەساڵى 2017 لەلایەن دادگەى پێداچوونەوەى رەسافە لە بەغدا بە دوو ساڵ بەندکردن سزا دراوە.