رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 30ـی ئاداری 2022 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاسۆیەکی نوێ بەدیناکرێت بۆئەوەی هەردوو لایەنە سەرەکییەکە، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت بگەنە رێککەوتن. هەردوو لایەنە کوردستانییەکەش (پارتی و یەکێتی)، پەیوەندییەکانیان وەکو خۆی ماوەتەوە و هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوانیاندا بەدینەکراوە.
رێژەی یاسایی تەواو دەبێت؟
بەو پێیەی دانیشتنی سبەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵاتە، دەبێ 50+1ـی پەرلەمانتاران زیاتر ئامادەبن و رێژەی یاسایی دوو لەسەر سێیە، بۆیە پێویستە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، 220 یان ئامادەی دانیشتنەکە بن. هەرچەندە بەپێی دەستووری عێراق، لە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەبێ لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و دواتریش سەرۆککۆمار کەسێک لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی دیاریکراو (یەکەم دانیشتن لە 9-1-2022 دا کرا)، تاوەکو ئێستا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوودا، بەرەی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان توانیی 202 پەرلەمانتار کۆبکاتەوە، پێویستیان بە 18 پەرلەمانتاری دیکە بوو بۆئەوەی رێژەیی یاسایی تەواوببێت و سەرۆککۆمار هەڵبژێرن.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە ئەمڕۆ لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەتەوە، بە رووداوی راگەیاند، "بڕواناکەم لە دانیشتنی چوارشەممەدا رێژەی یاسایی تەواوبێت، چونکە هەردوو لایەنی پەکخەر و کۆکەرەوەی رێژەی یاسایی، لە هەوڵی ئەوەدان دەنگەکانیان زیادبکەن، بۆیە پێموانییە دانیشتن بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە سەربگرێت."
لەلایەکی دیکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، زۆر پەرلەمانتار هەن، کە بانگەشەی بەشداریکردن لە چاکسازیدا دەکەن، هەشن بەربژێری سەرۆککۆماریان هەیە، بەڵام نایەنە دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، ئەمەش بۆ پەکخستنی دەوڵەت و پێکهێنانی حکومەتە، هەروەها کێشە بۆ بودجە و خزمەتگوزاریی دروستدەکات.
ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەڵێ "رەنگە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دوای رەمەزان دوابخرێت."
جەواد ساعدی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کە بەشێکن لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی راگەیاند، "ئەنجامی دانیشتنەکەی چوارشەممە هەر وەکو دانیشتنەکانی پێشوو دەبێت، هەردوو لایەنی هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوورن. رەنگە دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ دوای مانگی رەمەزان. ئەمە بۆچوونی خۆمە و زانیاریی نییە."
هیچ دانوستاندنێک بۆ سەرخستنی دانیشتنەکە دەکرێت؟
بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هاوپەیمانێتیی رزگارکردنی نیشتمان کە لە سەدرییەکان، زۆرینەی سوننەکان و پارتی پێکدێت لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
ئەو رێکنەکەوتنە وایکردووە دۆخی سیاسیی بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە، چونکە سەدر نایەوێت بە هیچ شێوەیەک نووری مالیکی لە حکومەتدا بەشداربێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەوە رەتدەکەنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێ:" ئێستا هیچ دانوستاندنێکی فەرمی بۆ لێکنزیکبوونەوەی دوو بەرە جیاوازە سەرەکییەکە ناکرێ، بۆیە پێموایە دوای ئەم قۆناخە، پەیوەندی و دۆخەکە تووندتر دەبن، یان بەرەوە چارەسەر و رێککەوتن، یانیش پەککەوتنی یەکجارەکی هەنگاو دەنێین."
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە و ئەگەری دواخستنی دانیشتنەکەوە بە رووداوی راگەیاند، کاتی کۆبوونەوەکە پێشتر دیاریکراوە و دواناخرێت، ئێمە وەکو پەرلەمان کاتی کۆبوونەوەکانمان دیاریکردووە و هەمووشیان لەکاتی خۆیاندا کراون، ئەگەر نەشکرابن، پەیوەندی بە رێژەی یاسایی ئامادەبووانەوە هەبووە. کاتەکەی رۆژی چوارشەممە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆیە.
سۆران عومەر ئەوەشی گوت، " لەم دۆخەدا، دواخستنی دانیشتنەکە، باشترین رێگەیە، چونکە دەرفەتێکی دیکە دەدات بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان بەرە جیاوازەکاندا."
ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پارتی و یەکێتی بگەنە سازان دەنگ بە سەرۆککۆمار دەدەین
د. وەلید سەهلانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان هەڵوێستی نەگۆڕە، وەک چۆن هاوپەیمانیی سێقۆڵی هەوڵدەدات زۆرترین پەرلەمانتار کۆبکاتەوە، بە هەمان شێوەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵدەدات زۆرترین پەرلەمانتار بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەن.
مەحموود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "ئەگەر هەردوو حیزبە کوردییەکە [پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان] بگەنە سازان لەبارەی بابەتی سەرۆککۆمار، بە دڵنیاییەوە لەگەڵیاندا دەبین و دەنگ بە سەرۆککۆمار دەدەین. ئەوکات چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدریش بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی هەیە، لەسەر بابەتی سەرۆکوەزیران دەگەنە رێککەوتن. بەهۆی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری روویداوە، بەڵام نەریتی سیاسی هەیە و دەبێت هەمووان رەچاوی ئەو نەریتە بکەن لە بابەتی پێکهێنانی حکومەتدا."
پەرلەمانتار و لایەنەکان، کڕین و فرۆشتن بە دەنگەوە دەکەن؟
لە قووڵبوونەوەی ململانێکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن، لە میدیای عێراقی و کوردستانیدا، باسی کڕین و فرۆشتن بە دەنگی پەرلەمانتار لەنێوان فراکسیۆن و لایەنەکاندا لەگەڵ پەرلەمانتاران دەورووژێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نەبووە کە ئەوە یەکلایی بکاتەوە.
لەوبارەوە شاخەوان عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت، "کڕین و فرۆشتن، دەگەڕێتەوە بۆ نەفسیەتی پەرلەمانتار، تاچەند نەفسیەتی ئەوەندە نزمە کە نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات و دەنگی خۆی دەفرۆشێت."
فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی بەشداربوونی دانیشتنی رابردوو، بەشداری لە دانیشتنەکاندا دەکەنەوە؟
لە دانیشتنی رۆژی شەممەی رابردوودا، 202 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، کە زۆرینەیان پەرلەمانتارانی بەرەی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان بوون ( سەدری، بەشێکی زۆری سوننەکان و پارتی)، هەروەها فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە خاوەنی 9 کورسییە، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد. بەڵام ئەمجارەیان جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەڕەشەی بەشدارینەکردن دەکات بەهۆی ئەوەی راگەیێندراوە 17 خاڵییەکەی جێبەجێ نەکراوە.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29-3-2022 بڵاویکردووەتەوە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بڕیار بوو چەند رۆژێک دوای واژۆکردنی رێککەوتننامە 17 خاڵییەکەمان لانیکەم چەند خاڵێکیان جێبەجێبکرێن، بەتایبەت هەرزانکردنی بەنزین و لابردنی ئەو بارگرانیانەی لەسەرشانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو لایەنە عێراقییانە دەنگیان نییە؛ ئەگەر تاوەکو رۆژی چوارشەممە {30-3-2022} هیچ خاڵێکی رێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکرا، ئەوە ئێوە وەکو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان مەبن."
شاسوار عەبدولواحید ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان "کوێرانە و وەکو شاگرد" دوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکەون بۆ بایکۆت و بۆ "پۆست و وەزارەتیش" دوای پارتی دیموکراتی کوردستان ناکەون.
بەڵام پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی ئیمتیداد، بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق دەکەن. منار عوبێدی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیمتیداد بە رووداوی راگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی ئیمتیداد بەشداری کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقیان کرد؛ بەهەمانشێوە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەماندا ئامادەبن، تەنیا ئەگەر شتێکی نوێ رووبدات و وامان لێبکات بەشداریی کۆبوونەوەکە نەکەین.
بزووتنەوەی ئیمتیداد لە هەناوی خۆپێشاندانەکانی 2019ی شارەکانی عێراق سەریهەڵدا، لە هەڵبژاردنی 10/10/2021دا، نۆ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانییەکیان پێکهێناوە بەناوی هاوپەیمانیی لەپێناوی خەڵک و خاوەنی 18 کورسیین.
هاوکات سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی دەڵێت، ئەگەری زۆرە بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە نەکەن.
هاوپەیمانیی عەزم خاوەنی نۆ کورسییە و بەشێکی جیابووەوەیە لە هاوپەیمانیی سەروەری. عەبدولڕەحیم شەممەری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی عەزم، لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە بە رووداوی گوت، "سەرکردەکانی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکەن، بەڵام ئەگەری زۆرە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەی بەیانی نەکەین و بایکۆتی بکەین."
خشتەی کاری پەرلەمان بۆ دانیشتنی رۆژی چوارشەممە
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چوارشەممە کاژێر 11:00ی سەرلەبەیانی، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی لیژنە هەمیشییەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
ئەگەرچی کۆبوونەوەی سبەی دوای سێجار لە دواخستن و دروستنەبوونی رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دێت، بەڵام هێشتا دیار نییە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە رێژەی یاسایی ئامادەبوون دروستدەبێت یان نا.
بۆچی پارتی و یەکێتی سەرەتا بە شاندی هاوبەش چوونە بەغدا و دواتر جیابوونەوە؟
یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە 9ـی کانوونی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو، پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە شاندێکی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە، بەڵام دواتر هەردوو شاندەکە بە جیا دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکان کرد.
لە بارەی جیابوونەوەی شاندی یەکێتی و پارتی، رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کە سەردانی بارەگای رەوتی سەدرمان کرد، عیماد ئەحمەد بە سەرۆکی شاندی سەدری راگەیاندبوو کە دەمانەوێت هەموو بابەتەکان بە رێککەوتن و سازان و تەوافوق چارەسەر بکرێت، بەڵام سەرۆکی شاندی رەوتی سەدر پێیگوتین، باس لە چی جۆرە تەوافوق و رێککەوتنێک دەکەن، ئێمە واماندەزانی ئێوەش بۆ واژۆکردنی رێککەوتن هاتوون، چونکە ئێمە لەگەڵ پارتی لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتووین، دوای ئەوە ئێمە بڕیاری کشانەوەمان لە شاندە هاوبەشەکە دا."
بە گوتەی رابیحە، "یەکێتی هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەسەر پۆستێک لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، ئەگەر بیر لە داهاتووی کەرکووک، خانەقین، دەشتی نەینەوا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بودجەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە نەکاتەوە، چونکە هەموو ئەوانە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە."
لەلایەکی دیکەوە سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا لە بارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی و گەیشتن بە رێگەچارەیەک گوتی: "ئێمە دەرگەمان بە رووی یەکێتی دانەخستووە و ئامادەی گفتوگۆین، ئەگەر مەبەستمان رێککەوتن نەبووایە ئەوە پێش دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندی هاوبەشمان پێکنەدەهینا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ