ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ناوی ئەندامانی دادگەی فیدراڵیی راگەیاند

29-03-2021
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ناوی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵیی بڵاوکردەوە و ناوی دادوەرە کوردەکانیشی تێدایە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەو دادوەرانەی راسپێردراون بۆ بوون بە سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ناوەکانیان رەوانەی سەرۆککۆمار کراون بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بە مەبەستی دامەزراندنیان.
 

ناوی سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەم شێوەیە:

یەکەم: دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی بۆ پۆستی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی.

دووەم: دادوەر سەمیر عەباس، سەرۆکی دادگەی تاوانی ئەنبار، جێگری سەرۆکی دادگە.

سێیەم: دادوەر غالب عامر، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی واست، ئەندامی رەسەن.

چوارەم: دادوەر حەیدەر جابر، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەجەف، ئەندامی رەسەن.

پێنجەم: دادوەر ئەیوب عەباس، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە، ئەندامی رەسەن.

شەشەم: دادوەر حەیدەر عەلی نووری، سەرپەرشتیاری دادوەری دەبێتە ئەندامی رەسەن.

حەوتەم: دادوەر خەلەف ئەحمەد، ئەندامی دەستەی تێهەڵچوونەوە لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سەلاحەددین، ئەندامی رەسەن.

هەشتەم: دادوەر د. عەبدولڕەحمان سلێمان، سەرۆکی دادگەی تاوانەکانی دهۆک، ئەندامی رەسەن.

نۆیەم: دادوەر جاسم جەزا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، ئەندامی رەسەن.

وەک لە راگەیێندراوکەدا هاتووە، ئەندامە یەدەگەکانی دادگەکە بریتین لە:

دەیەم:  دادوەر عادل عەبدولڕەزاق، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە، ئەندامی یەدەگی دادگەکە.

یازدەیەم: دادوەر خالد تەها، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، ئەندامی یەدەگی دادگەکە.

دوانزەیەم: دادوەر مونز ئیبراهیم، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە، ئەندامی یەدەگی دادگەکە.

سێزدەیەم: دادوەر تاهر سلێمان، سەرۆکی دادگەی نێوجەوانانی دهۆک، ئەندامی یەدەگی دادگەکە.

پێشتر لە دادگەکەدا تورکمانێک و کریستیانێک ئەندامبوون، بەڵام ئێستا نوێنەرانی ئەو دوو پێکهاتەیە ئەندامی سەرەکیی دادگەکە نین. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵی بە کۆدەنگی کۆدەبێتەوە، بڕیارەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە دوو لەسەر سێ دەبن، کە دەکاتە شەش لەسەر نۆ و بڕیارەکانی دیکەش بە زۆرینەی سادە دەبن".

بەهار مەحموود، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانە، ئاماژەی بەوە کرد، "لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە رۆژی دەنگدانەوە راستەوخۆ یاساکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، واتە چاوەڕێی ئەوە ناکرێت سەرۆککۆمار پەسندی بکات و لە رۆژنامەی وەقایەعی عێراقی بڵاوببێتەوە".  هاوکات گوتیشی، "پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستانیان دانابوو بۆ دیاریکردنی دادوەرە کوردەکان، بەڵام لەکاتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی هەموارکردنەکە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان لابرا؛ بۆیە ئێستا میکانیزمی دیاریکردنی دادوەرە کوردەکانیش بەڕوونی دیار نییە".

پەرلەمانى عێراق لە 18ـى ئاداری 2021دا، پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی پەسندکرد، بەوەش دادگەکە جارێکى دیکە دەست بە کارەکانى دەکاتەوە، کە لە ناوەڕاستى ساڵی 2019وە بەهۆى نەمانی دوو لە ئەندامانی پەکیکەوت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە