دادوەرێکی پسپۆڕ لە یاسای دەستوور: ئامانجی دادگەی فیدراڵی نەهێشتنی سیستمی فیدراڵییە لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی پسپۆڕ لە یاسای دەستوور دەڵێت بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق بۆ بەستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا، دژی بنەماکانی فیدراڵییە و ئامانجی دادگەکەش نەهێشتنی سیستمی فیدراڵییە لە عێراقدا.
دادوەر محەممەد عومەر مەولوود، پسپۆڕی یاسای دەستوور و ئەندامی پێشووی دادگەی تێهەڵچوونەوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەڕووی فیدراڵییەوە هەڵەیە و، لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: بەپێی ئەم بڕیارە، هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارە.
بەگوتەی ئەو دادوەرە دادگەی فیدراڵی خۆی "ناشەرعیی و نادەستوورییە و لە ئەرکەکانی خۆی لایداوە، لەبری راڤەکردنی دەستوور، خۆی دەستکاریی دەستوور دەکات"، دەڵێت: دادگەی فیدراڵی خۆی دەستووری نییە و شەرعییەتی نییە، کەچی دێت شەرعییەت لە دامەزراوەی دیکە وەردەگرێتەوە و دەستکاریی بنەما دەستوورییەکان دەکات."
لە بەشێکی دیکە گوتەکانیدا دادوەر محەممەد عومەر مەولوود باسی لەوە کرد؛ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ئامانجی سیاسیی مەترسیداریان لەپشتەوەیە و "فیدراڵی لە عێراق تەنیا بە ناو ماوە، ئێستا داهات و دەسەڵاتەکان هەمووی براونەتەوە بەغدا، ئەوەش پێچەوانەی فیدراڵییە."
گوتیشی: ئامانج لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نەمانی سیستمی فیدراڵییە لە عێراق، ئەمەش زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی سیاسیی یەکگرتووی بەهێز بنوێنێت، چونکە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگەی فیدراڵی ئامانج لێیان کەمکردنەوەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە قەوارەی هەرێمەکە.
رۆژی 28ـى شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەقى نووسراوى بڕیارێکى خۆى بڵاوکردەوە کە لە 21ـى شوبات دەریکردبوو لەبارەى سکاڵایەکەوە بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و بەپێی بڕیارەکە؛ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەدوای "بە بانکیکردنیان"، دەکرێت لە رێگەی ئەو بانکانەوە دابەش بکرێت کە لقیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتپێدراون.
لەبارەی رێکارەکانی دروستکردنی هەژمار بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوار شێخ رەئووف، بەڕێوەبەری پێشووی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: زۆر قورسە بە مانگێک هەژماری بانکی بۆ هەموو فەرمانبەران بکرێتەوە، لەکاتێکدا پارێزگەکانی عێراق ژمارەیەکی زۆر لقی بانکییان تێدایە و چەندین ساڵە هێشتا نەیانتوانیوە تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق بکەنە خاوەنی هەژماری بانکی.
گوتیشی: بانکەکانی رەشید و رافیدەین هێشتا لقیان لە هەرێمی کوردستان نییە و فریاناکەون هەژمار بۆ مووچەخۆران بکەنەوە، بۆیە ئەوەی وەزیری دارایی عێراق دەیڵێت لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بەماوەی یەک مانگ بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "ئەستەمە و گرفتی زۆر بۆ مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات."
'سکاڵایەکی دیکە لە دادگەی فیدراڵی'
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، ئازاد دۆسکی، پارێزەری راوێژکار باسی لە سکاڵایەکی خۆی کرد لە دادگەی فیدراڵی لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و گوتی: سکاڵای یاساییم تۆمارکردووە لە دادگە لەبارەی رەوانەنەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025.
بەپێی نێوەڕۆکی سکاڵاکە، داوا لە دادگە کراوە فەرمانێکى کاتى دەربکات بۆ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ ئەوەى ناچارى بکات بە جێبەجێکردنى بڕگەى حەوتى مادەى 13ـی یاساى بودجە کە ئاماژە بەوە دەکات 'ئەگەر ناکۆکى لە تێڕوانینى نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەبوو لەبارەى پابەندبوونەکانى نێوانیان سەبارەت بە پشکى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 30 رۆژدا لە رێگەى لیژنەى نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەکرابێت، پێویستە پەرلەمان بڕیارى پێویست لەو بارەیەوە دەربکات."
دۆسکی گوتیشی: کێشەی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە، بەڵکو بەشەبودجەیە و ئەگەر مووچەش لەلایەن بەغداوە بدرێت، بەشەبودجەی هەرێمەکە نەدرێت ئەوا چەندین گرفتی دیکە دروستدەبن بەتایبەت بۆ کەرتی تایبەت و خەرجی و پێداویستییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
دادگەی فیدراڵی هەفتەی رابردوو بڕیاریدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە دابەش بکرێت. رۆژی دووشەممەش تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و رایگەیاند، مووچە بۆ مانگی شوبات دەنێرن، بەڵام لە مانگی ئادارەوە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچە دەدەن.