داعش وێنەی هێرشەکەی بۆ سەر ئەبوغرێب بڵاودەکاتەوە

رووداو - هەولێر 

رۆژی دووشەممە داعش چەند وێنەیەکی هێرشەکەیان بۆ سەر ئەبوغرێب لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و پێگەکانی تایبەت بەخۆیان بڵاوکردەوە.



رۆژی یەکشەممە 28/2/2016 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکە ئەمنییەکانی شارۆچکەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا، ئەو وێنانەی کە داعش بڵاویکردوونەتەوە نیشاندی دەدەن چەکدارانی داعش لە بەشێکی شارۆچکەکە بڵاوبوونەتەوە.



بەپێی گوتەی گەواهیدەران " داعش دوێنێ دەستی بەسەر چەند دامەزراوەیەکی حکومیدا گرتووە لە ئەبوغرێب، ئەمەش دوای شەڕکردنیان بووە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان".



یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەکە، رۆژی یەکشەممە بۆ رووداو دوا و باسی لەوە کرد " لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە داعش هێرشێکی فراوانی بۆ سەر چەند شوێنیکی ئەمنی لە ئەبوغرێب دەستپێکرد و دەنگی تەقینەوەی بەهێز هات، پاشان دووکەڵی زۆر بە ئاسمانەوە دیاربوو کە لەچەند باڵەخانەیەکی حکومییەوە بەرزدەبوونەوە".



ئاماژەی بەوەش دا " لەئەنجامی هێرشەکە داعش توانی دەست بەسەر گوندەکانی حەمدانیە، ئەلزەیدان و سەنتەری حبوبی ئەبوغرێبدا بگرێت "، جەختیشی کردەوە لەوەی "هێزەکانی پۆلیس لە سەنتەرە ئەمنییەکان پاشەکشەیان کردووە".


شارۆچکەی ئەبوغرێب دەکەوێتە دووری 70 کیلۆمەتر لە بەغدا-ی پایتەختی عێراق و زۆربەی دانیستوانەکەی عەرەبی سوننەن.