رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، تائێستا 11 هەزار و 529 کەسی خێزانی داعشی لە کەمپی هۆلی سووریا وەرگرتووە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان)، یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکانی ئەو وڵاتە و ئەندامانی رێکخراوی داعش و خێزانەکانیانی تێدایە.
زۆرینەی دانیشتووانی کەمپەکە عێراقین کە لە موسڵ و ئەنبارەوە لە کاتی شەڕی داعش لە ساڵی 2017 هەڵاتوون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا عێراق 11 هەزار و 529 کەسیان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرگرتووەتەوە کە ئەندام یان کەسوکاری چەکدارانی داعشن و لە کەمپی هۆل بوون. ئەو کەسانە براونەتە ناوەندی جەدعە بۆ شیاندنەوەیان، پێش ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
روونیشی کردەوە کە ژمارەی ئەوانەی تائێستا لە ناوەندی شیاندنەوەی جەدعەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان 9 هەزار و 333 کەسن، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی ئێستا لە جەدعەن دوو هەزار و 461 کەسە.
مێژووی کەمپەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 بۆ لەخۆگرتنی پەنابەرە عێراقییەکانی هەڵاتوو لە جەنگی دووەمی کەنداو، دەسەڵاتدارانی سووریا لەسەر داوای کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بەڕێوەیان دەبرد.
کەمپەکە کە رووبەرەکەی 2.9 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە ساڵی 2003 دووبارە کرایەوە بۆ وەرگرتنی ئەو عێراقییانەی کە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا وڵاتیان جێهێشت.
لە 2013 کەمپەکە کەوتە دەست رێکخراوی داعش و دانیشتووانەکەی دەرکرد، دواتر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 2015 بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵیان کردەوە و تائێستاش لەژێر بەڕێوەبردنی ئەواندایە.
ئێستا نزیکەی 30 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا دەژین. هەروەها ژمارەیەکی زۆری عێراقی لە کەمپەکانی سووریا دەژین و بەسەر کەمپەکانی مەبرووکە و نەورۆزدا دابەش بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ