سوودانى و سەرۆکى فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە بەغدا کۆبوونەوە

29-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە، پرسى هەموارى یاسای بودجە، سەرەکیترین ئەو پرسانەیە کە تاوتوێ کران.
 
کۆبوونەوەکە، ئێوارەى ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی کانوونى دووەمى 2025،) دەستیپێکرد و کاژێر 22:00 کۆتاییهات.
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان بە رووداوى گوت "کۆبوونەوەکە لەسەر داواى سەرۆکوەزیران بووە، سەرۆک و نوێنەرى ئەو فراکسیۆنانە بەشدارن کە لە بەغدا بوون." 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، ئامانجى سەرەکیی کۆبوونەوەکە؛ تاوتوێکردنى پرسى هەموارى مادەى 12ـی یاساى بودجەبوو کە تایبەتە بە شایسەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.    
 
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دواخرا.
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
ئەو کۆبوونەوەیە دواى ئەوە هات، لە 12ـی کانوونى دووەمى 2025، سەرۆکى فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاریان دابوو لەگەڵ سوودانى کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان. 
 
سۆران عومەر گوتی "لە کۆبوونەوەکە دا پرسەکانی مووچە و بودجە تاوتوێ دەکرێن".
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵی پارەى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025ـى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى نەناردووە.
 
شاندێکى ئەو وەزارەتە لە هەرێمى کوردستانن بۆ وردبینى لە لیستى مووچە بە ئامانجى خانەنشینکردنى ئەو فەرمانبەرانەى تەمەنیانیان گەشتووەتە 60 ساڵان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە