عێراق رۆژانە 50 بۆ 75 کیلۆگرام زێڕ هاوردە دەکات

29-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق رۆژانە 50 بۆ 75 کیلۆگرام زێڕ هاوردە دەکات، ئەوە ئەو بڕە ناگرێتەوە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێت. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، هەوڵ دەدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ بن بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی هاوردەکردنی زێڕ.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "رۆژانە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە 50 بۆ 75 کیلۆگرام زێڕ هاوردە دەکرێت".
 
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، زێڕەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و کەرکووکەوە دەگات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە زێڕەی هاوردە دەکرێت هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی گشتی.
 
لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیشەوە زێڕ هاوردە دەکرێت. هەردوو فڕۆکەخانەکە سەنتەری پشکنینی زێڕ و خشڵە گرانبەهاکانیان تێدایە. 
 
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە رێگەپێدراوە.
 
رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2025 سەنتەری پشکنینی زێڕ و خشڵە گرانبەهاکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. 
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئیدی بازرگانان دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە زێڕ هاوردە بکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە