دادگەی فیدڕاڵی بڕیار لەبارەی سکاڵاکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى باڵاى فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەبارەی چوار سکاڵای تایبەت بە رێکار و دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێ، بۆ کۆتاییەکانی مانگی شوباتی داهاتوو دواخست.
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە دادگەی باڵای فیدڕاڵی، بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە بۆ رۆژانی 27 و 28ـی مانگی داهاتوو دواخراوە. پاساوی دادگەکە ئەوە بووە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەرەوەری دەکەن.
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدڕاڵی تایبەت بوو بە یەکلاییکردنەوەی چوار سکاڵا کە سێیان دژی شەعلان کرەیم، بەربژێری هاوپەیمانی تەقەدووم بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکرابوون و پاساوی سکاڵاکاران ئەوەیە ئەو بەربژێرە کە بە "بەعسیبوون" تۆمەتبارکرابوو، مەرجەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی تێدا نییە.
 
سکاڵاکان لەلایەن پەرلەمانتاران، یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس و باسم خەشان تۆمارکرابوون.
 
سکاڵای چوارەم لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد موزهر جبووری کە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی تەقەدوومن تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵایان لە دژی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لە دانیشتنی رۆژی 13ـی ئەم مانگەی پەرلەمان لە شوێنی سەرۆک بوو، تێیدا داوایانکردووە هەموو بڕیار و ئەنجامەکانی لێکەوتەی کۆبوونەوەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ی کانوونى دووەمی 2024 دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، ئەوەش دوای ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانى شیعە، شەعلان کرەیم تۆمەتبار دەکەن بەوەى پەیوەندیى بە حیزبى بەعسەوە هەبووە و ئەوەش لە دژى یاساى لێپرسینەوە و دادوەرییە، کە تایبەتە بە رێگرى لە بەرپرسانى باڵاى پێشووى حیزبى بەعس بۆ ئەوەى پۆستە باڵاکان لە عێراق وەربگرن.
 
رۆژی شەممە 27-01-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، بڕگەی یەکەمی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بوو، بەڵام ئەو بڕگە دواخرا تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەو پرسە تۆمارکراون.