چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە دوو پەرلەمانتاری پێشوو قەدەخە دەکرێت؛ یەکێکیان کوردە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن" بە پەرلەمان و ئەندامەکانی لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق سکاڵا لە دژی دوو پەرلەمانتاری پێشوو تۆمار دەکات، کە یەکێکیان کوردە. هەروەها چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانیان لێ قەدەخە دەکات.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 29-01-2024 بڵاویکردووەتەوە بڕیاریداوە لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانەوە سکاڵا لە دژی "رێزان شێخ دلێر"، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق و ریحاب عەبودە، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی  تۆمار بکرێت.
 
جگە لەوەش بڕیاریداوە چوونە ژوورەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی پێشوو بۆ نێو باڵەخانەی پەرلەمان و ئامادەبوونیان لە چالاکییە فەرمییەکان قەدەخە بکات.
 
لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارە، بڕیاریداوە سکاڵا لەسەر کەناڵێکی ئاسمانی و پێشکێشکارێکی کەناڵەکە، تۆمار بکات.
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رێکارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ریحاب عەبودە، پەرلەمانتاری پێشوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا جگە لەوەی خۆی بە راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ناساندووە، کە ئاداری ساڵی 2022 لەو پۆستەدا نەماوە، سووکایەتی بە پەرلەمان کردووە.
 
هەروەها پاساوی سکاڵاکەشی کە دژی رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی ئەوەیە لە هەڤپەیڤینێکدا دەردەکەوێت و دەڵێت، لەنێو پەرلەمان هەراسانکردن "تەحەڕووش" هەیە، بەبێ ئەوەی بەڵگە بخاتەڕوو.
 
لە چەند رۆژی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی رێزان شێخ دلێر کە بەشێکە لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانی لە سۆشیاڵ میدیای عێراق بڵاوبووەوە تێیدا دەڵێت، "ئافرەتانی پەرلەمانتار لەنێو پەرلەمان هەراسان دەکرێن."
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە تۆمەت خستنە پاڵ دامەزراوەکە، هیچ ئاسانکارییەک و سازشێک ناکات و ئەو کەسانەی سووکایەتی بە دامەزراوەکە دەکەن راپێچی دادگە دەکات.