بزووتنەوەی نوجەبا بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق: ئەمڕۆ بکشێنەوە لە سبەی باشترە

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە، رایگەیاند، بڕیاریان داوە بە زەبری هێز، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن و دەڵێت، "ئەمڕۆ بکشێنەوە لە سبەینێیان باشترە."
 
بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئەکرەم كەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا جگە لەوەی هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەمریکا و هێزەکانیان، بەڵێنی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئەو هێزانە دەدات.
 
ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، "مقاوەمە گاڵتەی بە هەڕەشەکانی ئەمریکای داگیرکەر دێت، چونکە مقاوەمە ئاسان و یاری و هەڵچوونێکی کاتی نییە، بەڵکو بیروباوەڕێکی جێگیر و چەسپاوە و نە گۆڕانکارییەکان و نە هەڕەشەکان نایترسێنێت."
 
جگە لەوەی هێرشی کردووەتە سەر جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سووکایەتیی پێدەکات، گوایە نەیزانیوە هێرشەکەی دوێنی لە سووریا یان ئوردن بووە کە بووە هۆی کوژرانی سەربازانی وڵاتەکەی. دەشڵێت، "بەڵگەی ئەوەیە بێ رێزگرتن لە سەروەرییان لە وڵاتان دەسووڕێنەوە."
 
ئەو بزووتنەوەیە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات و پێیان دەڵێت، "بەکرێگیراوان و سەربازانی لە خاکەکەمان دەڕۆن."
 
هەروەها هەڕەشەی بەئامانجکردنەوەیان دەکات و ئامۆژگارییان دەکات، "پێویستە پەند وەربگرن و ئەمڕۆ پێش سبەی بڕۆن، چونکە هەر رۆژێک زیاتر بمێننەوە باجی قورستر دەدەن."
 
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵى 2013وە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە، کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیى دەکات، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێن، ئەکرەم کەعبی ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى نوجەبایە.
 
هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە جیاواز بوو، چونکە بووە هۆی کوشتنی سێ سەرباز و برینداربوونی 34ی دیکە. جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا  گوتی، "هێرشەکە لە رێگەی یەک درۆنەوە بووە و هەندێک لە سەربازە بریندارەکانیشمان دۆخیان جێگیر نییە".
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.