بانکی ناوەندیی عێراق راکێشانی پارە لە رێگەی کارتی بانکییەوە زیاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی عێراق بڕی ئەو پارەیەی زیادکرد، کە لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی بانکییەوە دەتواندرێت رابکێشرێت، بەڵام راکێشانی پارە لە دەرەوەی عێراق وەکو خۆی ماوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق رێنمایی نوێی لەبارەی کارتی ئەلیکترۆنیی بانکییەوە دەرکرد و رایگەیاند، مانگانە دەتواندرێت بڕی 10 ملیۆن دینار بخرێتە نێو کارتی ئەلیکترۆنیی بانکییەوە و هەمان بڕ رابکێشرێت.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بڕی راکێشانی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە "ATM"ـەکانەوە لەنێو عێراق دوو ملیۆن دینار لە رۆژێکدا دەبێت، یان ئەوەی ئامێرەکە دیاری دەکات، بەڵام نابێت بڕی پارەی راکێشراو زیاتر بێت لەو بڕەی دیاریکراوە.
 
مەحموود فایز شمەری، شارەزای ئابووری، لەبارەی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارێکی دروستە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، یەکەم مامەڵە بە دینار بەهێزتر دەکات، دەتواندرێت پارەی زیاتر رابکێشرێت، چونکە پێویستیی هاووڵاتی زیاتر پڕ دەکاتەوە، جگە لەوەش ئەو رێکارە دەرەوەی عێراق ناگرێتەوە کە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی زیاتری هەیە."
 
ئەو رێنماییە نوێیانەی بانکی ناوەندی عێراق لەکاتێکدایە رێنماییەکانی پێشتری ئەو بانکە رێگەی دەدا رۆژانە بڕی 300 دۆلار یان بەرامبەرەکەی لە دراوی دیکە رابکێشرێت و مانگانە نەگاتە بڕی 3000 دۆلار، هەروەها کڕین لەرێگەی ئامێرەکانی پارەدانەوە بە 750 دۆلاری رۆژانە یان بەرامبەرەکەی بە دیناری عێراقی بوو.