بانکە سزادراوەکەی عێراق کامەیە و خاوەنەکەی کێیە؟

29-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەشت ساڵ لەمەوبەر لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دۆسیەی "گەندەڵی" و "بردنە دەرەوەی سامانی عێراق"ـی، ئەو پیاوەی ئەمڕۆ دووشەممە خۆی و بانکەکەی خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکا، داوەتە دەستەی دەستپاکی بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکات. لێژنەکە دەڵێت لە رێگەی سێ کۆمپانیاوە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار پارەی عێراقی بردووەتە دەرەوە، بەڵام ئەو کەسە نەک هەر سزانەدرا، کرایە پەرلەمانتاریش.
 
باسەکە باسی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و خاوەنی بانکی "هودا"ـی عێراقییە، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتی هاریکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان و نزیکایەتی لەگەڵ سوپای پاسداران و سپیکردنەوەی پارە و ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی، دایە پاڵ.
 
چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە دوای لێکۆڵینەوەی ورد، رۆژی 11ـی ئۆکتۆبەری 2015، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێک کە ژمارە 740ـی هەیە و رەوانەی دەستەی دەستپاکیی کردووە، داوا دەکات ئەو دەستەیە لێکۆڵینەوە لە "دزین"ـی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە پارەکانی عێراق لەگەڵیدا بکات، بەڵام نە دەستەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرد و نە سزادرا و نە ئەنجامیش راگەیێندرا، بەپێچەوانەوە، ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەتری دروستکرد.
 
ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ حەمەد مووسەوی، کە ئێستا ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، ساختەکاری و کڕینی دۆلارە، ئەو پارانەشی کە لەلایەن ئەو بانکەوە رەوانە کراون بۆ کۆمپانیاکانی "تەیب، عێراقونا و مەهج" بوون کە تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی دراو.
 
بەگوێرەی راپۆرتی لێژنە پەرلەمانییەکە، بانکی هودا شەش ملیار و 455 ملیۆن و 660 هەزار دۆلاری لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2015 ناردووە بۆ بانکی نیشتەجێکردنی ئوردنی، لەو بڕە پێنج ملیار و 787 ملیۆن و 999 هەزار دۆلاری رەوانەی کۆمپانیای تەیب کردووە، کە ئەویش بڕی پێنج ملیار و 704 ملیۆن و 158 هەزار دۆلاری بۆ کۆمپانیای ئەلکەمال بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە ئوردن ناردووە، دواتر ئەویش پارەکانی بۆ کەسانێک ناردووە نەناسراون و نازانین ئەو پارەیە کە پارەی فرۆشتنی نەوتی عێراقە و موڵکی گەلی عێراقن، چۆن خەرجکراون".
 
لێژنەی دارایی داوای لە دەستەکە کردووە، لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیا و بانکانە بکات، کە ناویان هاتووە.

 

 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە". هەروەها دەڵێت، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان و هەروەها دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی". 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی هودا، لە رێگەی هاوکاری داراییەوە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە عێراق، ناسەقامگیریی لە عێراق دروستکردووە و گیانی عێراقی و ئەو ئەمریکیانەی لە عێراقن، خستووەتە مەترسییەوە. دەشڵێت، "ئەمریکا پابەندە بەوەی کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات بۆ پتەوکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی سیستمی دارایی عێراق و ئەمریکا لەو پێشێلکاریانە". 
 
لە دۆسیەیەکی دیکەدا و لە رۆژی 8ـی ئابی 2019ش ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە داواکاری گشتی کرد لەگەڵ پەرلەمان قسە بکات بۆ ئەوەی پارێزبەندی یاسایی لەسەر حەمەد یاسر مووسەوی هەڵبگرێت، هۆکارەکەشی ئەوەی ئەو کەسە هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای جۆڕناڵ و کەناڵی C7 و دەستی بەسەرداگرتووە و ئەحمەد ساڵح هاشم کە خاوەنییەتی سکاڵای کردووە و دەڵێت پارەشی لەناو باڵەخانەکەدا براوە.
 
سێکوچکەی (HHA)
 
ئەحمەد چەلەبی، کە ئەوکات (2015) سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوو، پێش مردنەکەی "کە گومانی کوشتنیشی دەکرێت" رایگەیاند، سێ کوچکەیەک هەن کە سێ کەسن و لەپشتی گەندەڵییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی و بردنە دەرەوەی دۆلارن و بە (HHA) ناوی بردوون، کە لە ناوی یەکەمی هەر سێ کەسەکەوە وەرگیراون
 
لەگەڵ حەمەد موسەوی، بەڕێوەبەری بانکی هودا، کە بە گەورە بازرگانی شووشتنەوەی پارە و حەواڵە دەرەکییەکان و یاریکردن بە مەزادی دراو تۆمەتبارە، حەسەن ناسر جەعفەر هەیە، کە بانکی "عبر العراق"ـی لە پشتەوە بووە و لە عەممان نیشتەجێیە.
 
هەروەها ناوی عەلی غولام دەبرێت کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو کە تۆمەتبار بووە بە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی.
 
حەمەد موسەوی کێیە؟
 
- حەمەد یاسر موحسین غالیب موسەوی  
- 1970 لە بەغدا لەدایکبووە
-ئەندامی پەرلەمانی عێراقە
-ئەمینداری گشتیی پارتی مەدەنییە
-خاوەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکی هودایە
-بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری هەیە
-ئەحمەد چەلەبی، بە "مەترسیدارترین دزی پارەی عێراق" ناوی بردووە
 
زانیاری لەبارەی بانکی هودا
 
-بانکی هودا، کۆمپانیای پشکداریی تایبەت
-لە 6-11-2007 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی پێدراوە
-لە 17-2-2008 دەستی بە کارەکانی کردووە
- پێنج لقی هەیە
- سێ لق لە بەغدا
- یەک لق لە کەربەلا
- یەک لق لە زیقار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت