دواى 18 ساڵ لە داخستنى، مەغریب باڵیۆزخانەکەى لە عێراق کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دواى 18 ساڵ لە داخستنى، مەغریب باڵیۆزخانەکەى لە عێراق کردەوە؛ ئەو هەنگاوە لەمیانەى سەردانى وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە بوو بۆ عێراق، کە یەکەم وەزیرى دەرەوەى مەغریبە لە ماوەى زیاتر لە چارەکە سەدەیەک سەردانى بەغدا بکات.
رۆژی 28ى کانوونى دووەمى 2023، ناسر برویتە، وەزیرى دەرەوەى مەغریب سەردانى عێراقى کرد و باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا کردەوە.
کردنەوەى ئەو باڵیۆزخانەیە لە دواى 18 ساڵ بوو لە داخستنى، کاتێک لە ساڵى 2005 بەهۆى خراپى بارودۆخى ئەمنى باڵیۆزخانەکە داخرا.
ساڵى 2005 باڵیۆزخانەى مەغریب لە بەغدا داخرا و گوێزرایەوە بۆ عەمانى پایتەختى ئوردن، دواى ئەوەى کە رێکخراوى قاعیدە دوو لە فەرمانبەرانى ئەو باڵیۆزخانەیەى رفاند.
لە دواى زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، ئەوە یەکەمجار بوو وەزیرى دەرەوەى مەغریب سەردانى عێراق بکات، لەو سەردانەدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەى کۆبووەوە.
وەزیرى دەرەوەى مەغریب لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانى هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی لە بەغدا گوتى، کردنەوەى باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى ئاماژەیەکى "گرنگە بۆ متمانەى مەغریب بە عێراقى نوێ."