سوودانى هەنگاوەکانى هەموارکردنی دەستوور دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق راوێژکارێک بۆ کاروبارى دەستوورى دادەمەزرێنێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکایەتییەکانی دەسەڵاتەکانى جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەریى بە مەبەستى گەڵاڵەکردنى نەخشەڕێگەیەک بۆ هەموارى دەستوور.
 
رۆژی 29ـى کانوونى دووەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، حەسەن نیعمە یاسرى، وەک راوێژکارى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ کاروبارى دەستوورى دەستنیشان کراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە؛ دەستبەکاربوونى حەسەن نیعمە یاسرى بۆ ئەنجامدانى دیدار و کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ نوێنەرانى سەرۆکایەتییەکانى دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرى، بەمەبەستى گەڵاڵەکردنى نەخشەڕێگەى ئەنجامدانى ئەو هەموارە دەستوورییانەى کە پێویستن.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى نێوەڕۆکى بەشێک لە کارنامەى حکومەتە کە لە 27ـى تشرینى یەکەمى 2022 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە دەنگى لەسەردراوە، ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەى هەموارکردنى ئەو ماددانەى دەستوور کە رێکەوتنى لەبارەوە کراوە و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى بنبەستى سیاسى کە لە قۆناخەکانى رابردوودا روویداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەو هەنگاوە بۆ رێکخستنى کارى جومگەکانى دەوڵەتە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بڕیارەکانى پێشووى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق و هەڵوێستەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و ویستى راى گشتى بۆ ئەنجامدانى ئەو هەموارە دەستوورییانە.
 
ساڵى 2020 پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بۆ هەموارى دەستوور پێکهێنا بەمەبەستى ئامادەکردنى راپۆرتێک لەبارەى ئەو ماددانەى کە هەموار دەکرێت بۆ ئەوەى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت و بخرێتە راپرسییەوە، بەڵام لیژنەکە نەگەیشتە ئەنجام.
 
لە ساڵى 2005 دەستوورى عێراق لە راپرسیی گشتیدا پەسندکرا، لە ساڵانى دواتردا داواکارى هەبوون بۆ ئەنجامدانى هەموار لە بەشێک لە ماددەکانیدا.
 
رۆژی 14ـى شوباتى 2022، فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، داوایکرد دەستوور هەموار بکرێتەوە بە تایبەت ئەو ماددەیەى پەیوەندیدارە بە ئامادەبوونى دوو لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمان بۆ پێکهێنانى حکومەت و چەمکى گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان کە ئەرکى پێکهێنانى حکومەتى پێ دەسپێردرێت.
 
پرۆسەى پێکهێنانى حکومەتى عێراق لەلایەن هاوپەیمانیى نێوان سەدر و پارتى و سەروەرى لە ساڵى 2022 سەرینەگرت بەهۆى بایکۆتکردنى سێیەکى پەکخەرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هاوپەیمانەکانیان.