عێراق پێنج پاڵاوگەی نەوت دروستدەکات؛ یەکێکیان لە کەرکووک دەبێت

29-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەنیازی دروستکردنی ژمارەیەک پاڵاوگەی نەوتن، یەکێکیان لە کەرکووک دەبێت، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، "ئەو پاڵاوگەیەی بڕیارە لە کەرکووک دروستبکرێت، دەبووایە پێشتر دروستکرابا."
 
رۆژی یەکشەممە 29-01-2023 عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی نەوت لە ماوەکانی داهاتوودا دروستکردنی ژمارەیەک پاڵاوگە لە پارێزگاکانی عێراق رادەگەیێنێت."
 
رۆژی 11-01-2023 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە پلانی وەزارەتەکەی بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتنی نەوت ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "نزیکین لەوەی ژمارەیەک دەرفەتی وەبەرهێنان لە پیشەسازیی پاڵاوتن بخەینەڕوو، لەدوای تەواوکردنی مامەڵە و زانیارییەکانی تایبەت بە پاڵاوگەکان کە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باکوور و ناوەڕاست و باشوور دروستدەکرێن."
 
هەروەها وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە گوتی، لە ماوەکانی نزیکی کەمی داهاتوودا دروستکردنی ژمارەیەک پاڵاوگە ئاشکرا دەکەن کە بریتین لە پاڵاوگەکانی:
 
- میسان بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- موسەننا بە توانای 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە
- پاڵاوگەی کەرکووک بە توانای 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا کە تواناکەی دەگاتە 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەیەکی نوێ لە پارێزگای زیقار کە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت
 
باسی لەوەش کرد کە چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنان بۆ پاڵاوگەکانی باشوور و ناوەڕاست و باکووری عێراق زیاد دەکرێن. لەوانەش زیادکردنی یەکەیەک بە توانای 70 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەی پارێزگای زیقار، کە ئێستا رۆژانە 30 هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت.
 
پاڵاوگە نوێیەکان نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەپاڵێون، جگە لە بەرهەمی ئەو یەکانەی کە بۆ پاڵاوگەکان زیاددەکرێن، کە نزیک دەبێتەوە لە 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
 
وەزیری نەوتی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، یەکەیەکی نوێیان بۆ پاڵاوگەی نەوتی دیوانییە بە توانای 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تەواو کردووە و بەمنزیکانە دەستدەکرێت بە پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەی نەوتی کەربەلا کە توانای پاڵاوتنی 140 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە و مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 کرایەوە.
 
عێراق خاوەنی 12 پاڵاوگەی نەوتە، ژمارەیەک پاڵاوگەی دیکەشی لە دروستکردندان، توانای پاڵاوتنی رۆژانەی پاڵاوگەکانی دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام عێراق دەیەوێت توانای پاڵاوتنی بۆ 10 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە کە ئێستا بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی گەورەوە ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج دەکات، بەتایبەت بۆ بەنزین و گازوایل.
 
رۆژی 23ی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، شەش ملیار بەرمیل یەدەگی دیکە بۆ کۆی یەدەگی عێراق زیادی کردووە؛ بەپێی دوایین زانیارییەکانی تیمەکانی رووپێوی سەر بە کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان، جگە لە سەرخستنی بڕی 23 ملیار پێ سێجا بۆ گازی سرووشتی.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ساڵی 2022 داهاتە نەوتییەکانی عێراق 115 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، لە کاتێکدا لەساڵی 2021 داهاتەکانی 75 ملیار دۆلار بوو، واتە بە رێژەی 35% زیادی کردبوو.
 
یەکێک لەو پاڵاوگانەی عێراق نیازی دروستکردنی هەیە لە پارێزگای کەرکووک دەبێت و توانای پاڵاوتنی بڕی 100 هەزار بەرمیل رۆژانە نەوتی هەیە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە کەسانی شارەزای وەزارەتی نەوتی عێراق دەستکەوتوون، لە ساڵی 2018 و ماوەی چوار ساڵ دەبێت لە کەرکووک کار بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەک دەکرێت، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە کە توانای پاڵاوتنی بڕی 70 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەیە.
 
هەروەها ئەو پاڵاوگە نوێیەی کە بڕیارە دروستبکرێت رۆژانە توانای پاڵاوتنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و دەکەوێتە سەر رێگەی حەویجە و بەپێی شارەزاییەکی نەوت، کاریگەریی زۆر پۆزەتیڤی لەسەر پاڵاوتنی نەوت لە پارێزگاکە دەبێت.
 
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 29-01-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی نەوتی کەرکووک دروستبکرێت، ئەو پاڵاوگەیە پێشتر لە چەند شوێنێک بڕیاری دروستکردنی درابوو، بڕیاری تێچوونەکەشی ئەو کات بە چوار ملیار دۆلار خەمڵێندرابوو، دواتر بۆ شوێنی دیکە گوێزراویەوە، دواتریشی هەر دروستنەکرا، ئەو پاڵاوتگەیە سەرەتا ئێمە پێشنیازمانکرد لەسەر رێی هەولێر و لە پردی دروستبکرێت، بەڵام دروستنەکرا."
 
سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، "دروستکردنی پاڵاوگەکە زۆر گرنگە، دەبوو زووتر دروستبکرێت، چونکە دەتوانێت ئەو نەوتەی لە کەرکووک بەرهەم دەهێندرێت بیپاڵێوێت."
 
کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە لە 14ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1927 دۆزراوەتەوە، کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراقە و دووەم گەورەترین کێڵگەیە لە توانای بەرهەمهێنان، پێنجەم گەورەترین کیڵگەشە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی یەدەگەوە کە یەدەگەکەی دەگاتە 10 ملیار بەرمیل نەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە