رووداو دیجیتاڵ
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ''بەهارێکی ئازادی لە سووریاوە دەستیپێکردووە و هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە''، گوتیشی، پەیوەندییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ (شەممە، 28-12-2024) عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، لە سووریا دووبارە بەهارێکی ئیسلامیی دیکە بەڕێوەیە کە بەراورد بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، باشتر لە واقیع تێدەگەن و ئازادییەکان و مافی کەمینەکان بەباشی دەپارێزن.''
عیرفان عەبدولعەزیز لەبارەی دەسەڵاتی نوێی ئێستای سووریا کە لەلایەن دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بەڕێوەدەبرێت، گوتی، ''ئەوان لە هەمبەر پرسی ژن، بەو شێوە جوانەی ئیسلام دەیەوێت، لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت دەکەن و نایانەوێت بەزۆر کۆمەڵێک شت بسەپێنن.''
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بە ''نموونەیەکی جوانی بزووتنەوە ئیسلامییەکان'' دەزانێت و ئاماژەی دا، ''دەسەڵاتی نوێی سووریا دەتوانێت لەگەڵ سیستمی نێودەوڵەتی خۆی بگونجێنێت و لەنێو خەڵکیشدا پەسندترە.''
پرسی کورد لە سووریا یەکێک لەو بابەتانەیە کە دوای کەوتنی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم، بووەتە رۆژەڤ. عیرفان عەبدولعەزیز دەڵێت، پەیوەندییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بەکارهێناوە و، ''هەوڵمان داوە لە رێگەی دەستوورەوە بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان بە تەواوی کۆتاییان پێبێت.''
8ـی کانوونى یەکەم، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد. عیرفان عەبدولعەزیز پێیوایە، دۆخی سووریا کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکەش دەبێت، ''کاتێک شۆڕش لە وڵاتێک روودەدات، [حکومەتی] وڵاتانی دیکە کە پەسندی گەل نین، هەمووی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن.''
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان حکومەتی عێراق بە ''پەسندی گەل'' نازانێت و دەڵێت، ''هێشتا [شۆڕش] نەگەیشتبووە دیمەشق، لێرە دەیانگوت رێگە نادەین بەغدا بڕووخێت. ئەمە دیارە پەسندی گەل نین و دەترسن ئەم شۆڕشە بگاتە عێراقیش، چونکە 24 ساڵ دەسەڵاتدارێکی باش نەبوون.''
عیرفان عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانکارییەکانی سووریا سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە، ''ئەو رژێمانە دەگرێتەوە، کە چەقیان بەستووە و گەیشتوونەتە بنبەست.''
جەختی لەوەش کردەوە، عێراق خاوەنی شەش هەزار ساڵ مێژووی شارستانییە، ''قبووڵکراو نییە بەوشێوەیە خەڵک دەستگیر بکرێن، بکوژرێن و زیندانی بکرێن، دەبێت [حکومەت] لەخۆی بترسێت، چونکە باشیان کار نەکردووە و خۆیان دەزانن چۆن بوون، ئەو رژێمانەی ناگۆڕدرێن، خەڵک دەیانگۆڕن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ