کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا 15 کورسیی بەدەستهێناوە و 41 هەزار دەنگى فەوتاوە

رووداو دیجیتاڵ 

لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە چوار پارێزگادا، 15 کورسییان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا 41 هەزار و 865 دەنگى کورد فەوتاوە کە لایەنە کوردستانییەکان بەدەستیان هێناوە بەبێ ئەوەى بگاتە ئاستى بەدەستهێنانى کورسی.
 
28ى کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین بەشدار بوون. 
 
لە کەرکووک 31 هەزار دەنگ فەوتاون
 
لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک، کورد حەوت کورسیی بەدەستهێناوە کە پێنجیان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانى (کەرکووک هێز و ئیرادەمانە) بەدەستى هێناوە، پارتى دیموکراتى کوردستانیش دوو کورسی بەدەستهێناوە.
 
یەکێتى 157 هەزار و 649 دەنگى بەدەستهێناوە و پارتیش 52 هەزار و 278 دەنگى هێناوە کە بە هەردووکیان 209 هەزار و 927 دەنگ دەکات. 
 
لایەنە کوردستانییەکانى دیکە کە نەیانتوانیوە کورسی بەدەستبهێنن، 31 هەزار و 612 دەنگیان هێناوە و فەوتاون. 
 
لە نەینەوا 923 دەنگ فەوتاون
 
لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا پارتى چوار کورسی و یەکێتى-یش لە چوارچێوەى هاوپەیمانى ئەهلى نەینەوا دوو کورسی بەدەستهێناوە.
 
لیستى پارتى،  148 هەزار و 769 دەنگى بەدەستهێناوە و لیستەکەى یەکێتیش 50 هەزار و 606 دەنگى بەدەستهێناوە کە بە هەردوو لیستەکە 199 هەزار و 375 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
لیستى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان لە سنوورى نەینەوا 923 دەنگى بەدەستهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئاستى بە دەستهێنانى کورسى.
 
لە سەڵاحەدین 2,129 دەنگ فەوتاون
 
یاسین داودى، بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەنێو لیستى جەماهیرى وەتەنى، کورسییەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى مسۆگەر کردووە بە بەدەستهێنانى 10 هەزار 884 دەنگ، لەکاتێکدا بەربژێرانى پارتى و حیزبى شیوعی کە لە دوو لیستى دیکە بوون، نەیانتوانى دەنگى پێویست بەدەستبهێنن بۆ مسۆگەرکردنى کورسی.
 
تارا داودى، بەربژێرى پارتى لەنێو لیستى حەسم، 1,415 دەنگى بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا هێمن داودى، لە لیستى ریئاسە، 714 دەنگى بەدەستهێناوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە کورسی بەدەستبهێنن، بەوپێیە لە سنوورى سەڵاحەدین دوو هەزار و 129 دەنگى کورد فەوتاوە. 
 
لە دیالە حەوت هەزار دەنگى فەوتاون 
 
لە سنوورى پارێزگاى دیالە، لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، 28 هەزار و 648 دەنگى بەدەستهێناوە و بووەتە خاوەنى یەک کورسی.
 
لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دیالە شەش هەزار و 804 دەنگى بەدەستهێنا و پارتى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان 397 دەنگى بەدەستهێناوە کە بە هەردووکیان حەوت هەزار و 201 دەنگیان بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەى بگەنە ئاستى بەدەستهێنانى کورسى.