کازمی: پێویستە رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە بکرێت

28-12-2022
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق وەڵامى ئەو تۆمەتانە دەداتەوە کە لەبارەى دۆسیەیەکى مافى مرۆڤ و بنبڕکردنى گەندەڵى و بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار ئاراستەى حکومەتەکەی کراوە و دەڵێت، پێویستە رێگرى بکرێت لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە و سنوورێک بۆ بێسەروبەریى دراو دابنێن و "گوتارى پۆپۆلیستیى بێ زانیارى رەتدەکەینەوە."

رۆژی 28ى کانوونى یەکەمى 2022 مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە داوە کە بەمدواییە باس لەوە کراوە، پێشێلکاری و لادان هەبووە لەو کاتەى کە سەرۆکوەزیران بووە، بەتایبەت لە پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، گوتارى "پۆپۆلیستیی بێ زانیارى و ناڕاست" رەتدەکەنەوە، کە بەمدواییە لەبارەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار زیادیکردووە و بە گوتەى کازمى، ئەوە قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەکات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پارێزگارى لە سەقامگیریى بەهاى دراو بکەن و سنوورێک بۆ "بێ سەروبەرى دراوی" دابندرێت و رێگرى بکرێت لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق.

ئەو روونکردنەوەیەى مستەفا کازمى لە کاتێکدایە، کە ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلارى عێراقى دابەزیوە و بەهاى 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە دینارى عێراقى لە 150 هەزار دینار دانابەزێت.

بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى لە 1182 دینارەوە بۆ 1460 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار، لە ساڵى 2021 بوو، کە ئەو کات مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران بوو.

بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەى کازمى پەیوەندیدارە بە دۆسیەى مافى مرۆڤ و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو پرسە لەپێشینەى کارەکانى حکومەتەکەى بووە و بەتایبەت لە کاتى پرۆسەکانى لێکۆڵینەوە و دواى لێکۆڵینەوەش.

هەروەها کازمى بەرگرى لە لیژنەى بنبڕکردنى گەندەڵى دەکات کە لە ساڵى 2020 و لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەودا دامەزرا و بە گوتەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێنانى لیژنەکە لەسەر داواکاریى جەماوەرى بووە و هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنى بەبێ فەرمانى دادگەى تایبەتمەند نەکراوە.

ئەو لیژنەیە لە ساڵى 2020 بە بڕیارى مستەفا کازمى پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى بە سەرۆکایەتیى ئەحمەد ئەبو رەغیف، بریکارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ کاروبارى هەواڵگرى، کە بە لیژنەى "ئەبو رەغیف" ناسراوە، بەر لە پێکهێنانى حکومەتى عێراق چەند سکاڵایەک درانە لایەنە پەیوەندیدارەکان، گوایە لە لیژنەکە ئەشکەنجەى تۆمەتبارانى دۆسیەکانى گەندەڵى دراوە و بەزۆر دانپێدانانیان لێ وەرگرتوون.

لە 2ى ئادارى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق فەرمانى پێکهێنانى ئەو لیژنەیەی هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریى لەقەڵەم دا، بە پاساوى ئەوەى دامەزراوەى دیکەى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى هەیە.

رۆژی 22ى کانوونى یەکەمى 2022، زێدان خەڵەف، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى مافى مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى سکاڵا و گلەییەکانی تایبەت بە روودانى ئەشکەنجەدان و وەرگرتنى دانپێدانانى بەزۆر لەلایەن لیژنەکەوە، رادەستى دەزگاى داواکارى گشتى دەکرێت بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست بەگوێرەى یاسا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە