سبەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عێراق

28-12-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن بودجەی 2021
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، سبەی سێشەممە 29-12-2020 پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆکانیش لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەردەوامن. 
 
حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندی هەرێمی کوردستان بە یاسای قەرز رازیبوونە. لەبارەی دابەشکردنی مووچەش دەڵێت، "لە مانگەکانی داهاتوو دواناکەوێت".
 
ئەنجامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بخوێنەوە

بە گوتەی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاساکە لەسەر بنەمای دیدگەیەکی چاکسازیی داڕێژراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی پێشکێشکراوە و کاریش لەسەر کاراکردنی کەرتی تایبەت دەکات.

ئێوارەی دووشەممەی رابردوو 2020-12-21 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی پەسندکرد. بانکی ناوەندیی عێراقیش نرخی 100 دۆلاری بە 145 هەزار دینار بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ هاووڵاتییانیش بە 147 هەزار دینار جێگیرکرد و لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە کاری بەو نرخە کردووە. 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار بڕیاری کۆتایی حکومەتە و لە چوارچێوەی دیدگای چاکسازییکردنی ئابووری عێراقە پرۆژە یاسای بودجە، "بە تەنیا حکومەت دای نەڕشتووە، بەڵکو گفتوگۆکراوە لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان کە ئامادەییان دەربڕیوە دەنگی پێبدەن، لەنێویدا نرخی فرۆشتنی دۆلار". 

لەبارەی دانووستاندنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان د. نازم حەسەن رایگەیاند، دانووستاندنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەوەی شاندی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر یاسای قەرز دەربڕیوە، ئێستاش گفتوگۆکان بەردەوامن لەبارەی ژمارەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان. 

پێشتر د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو جۆر ژمارە لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا هەن: یەکێکیان پەرلەمان دەتوانێت دەستکاریی بکات، بەڵام ئەوی دیکەیان پەرلەمان توانای دەستکاریکردنی نییە."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی روونی کردەوە، بەهای دۆلار دەسەڵاتی تایبەتی بانکی ناوەندی عێراقییە، بۆیە دەسەڵاتی پەرلەمان نییە دەستکاریی بکات، بەڵام بەشێکی دیکە ژمارە هەن لەوانە بودجەی شوێن و جێگەیەک کە دەکرێت پەرلەمان دەستکاریی بکات. 

د. جەمال کۆچەر  گوتیشی، بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە نزیکەی 20 بۆ 30 رۆژیان پێویستە. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانیش رایگەیاندووە، نایەوێت گفتوگۆ لەسەر بودجە بکات تاوەکو لایەنە سیاسییەکان نەگەنە رێککەوتن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە