مافى مرۆڤى پەرلەمانی عێراق: ئەشکەنجە زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە لە راپۆرتەکانى تایبەت بە زیادبوونى ئەشکەنجەدان لە ناوەندەکانى لێکۆڵینەوە دەڕوانن بۆ وەرگرتنى دانپێدانی بە زۆر. داواش لەو کەسانە دەکات کە بەهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەشێوەیەکى راستەوخۆ سکاڵا و بەڵگەنامەکانیان بدەنە ئەو لیژنەیە.
 
ئەو پەیامەى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ى تشرینى دووەمى 2024 بڵاویکردەوە. 
 
لیژنەکە ئاماژەى بەوە داوە کە نیگەرانە لە زیادبوونى ئەو راپۆرتانەى باسی زۆربوونى ئەشکەنجەدان دەکەن لە ناوەندە ئەمنییەکانى لێکۆڵینەوە و دانپێدانان بە زۆر و بە چەند رێگەیەک وەردەیگرێت کە "سادەترین پێوەرەکانى مافى مرۆڤ تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە". 
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو پێشێلکارییانە هیچ رۆڵێکى نابێت جگە لە بێهێزکردنى متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و دەوڵەت، وێنەیەکى نەرێنى لە بارەى سیستمى یاسایى عێراق لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە پێشان دەدات".
 
28ـی تشرینى دووەمى 2024، فازل غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژی بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دیاردەى ئەشکەنجەدانە نوێ نییە و حکومەتى عێراقیش لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ ئەوەى سکاڵاکانى تایبەت بەو جۆرە مامەڵانە وەربگرێت."
 
لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق داواى لەو کەسانە کردووە کە زەرەرمەند بوون بەهۆى ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە، سکاڵا و بەڵگەنامەکانیان بەشێوەیەکى راستەخۆ پێشکێش بکەن و تاوەکو بەدواداچوونیان بۆ بکات بۆ سزادانى ئەو کەسانەى وەک لیژنەکە دەڵێت "بەرپرسن لەو تاوانانە".
 
فازل غەڕاوى گوتى: "دەستوورى عێراق و یاساى سزادانى عێراقى ئەشکەنجەدانى  قەدەخە کردووە".
 
مادەى 333ى یاساى سزادانى عێراقى ئەشکەنجەدانى لەلایەن کارمەندانى دەوڵەتى بە تاوان ناساندووە سزاکەى بەندکردنە؛ بەبێ ئەوەى ماوەی بەندکردنەکەى دیاری کردبێت.