رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەکانی بەغدا سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دادەنرێت. لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراقیش پێشوازی لە پرۆژەکە دەکات.
پەروەردەی رەسافەی بەغدا، بۆ یەکەمجارە لە قوتابخانەکانی دەستی بە دانانی سیستمی وزەی خۆر کردووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا . وەک هەنگاوی یەکەم 300 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی دیاریکراون، بۆ ئەوەی ئەو سیستمەیان بۆ دابنرێت، دوای سەرکەوتنی ئەو ئەزموونە، پڕۆژەکە فراوان دەکرێت و قوتابخانەی دیکەش دەگرێتەوە.
توعمە لهێبی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان پشتیوانی و پشتگیری لەو پرۆژەیە دەکات. وادەکات کارەبایەکی باش بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت، کۆتایی بە کوژانەوەی کارەبا بێت لە قوتابخانەکان، ژینگەیەکی پاک و ئارام فەراهەم بکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە دەڵێت، لیژنەکەیان بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گرێبەستەکان و پارەی تەرخانکراو دەکات.
هەر لەوبارەوە، عامر داوود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە تۆڕی میدیادیی رووداوی گوت: "ئاگاداری ئەو پرۆژەیەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
فەلاح قەیسی، بەڕێوەبەری پەروەردەی رەسافەی یەک لە بەغدا بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، پرۆژەکە لەسەر قەرزی چینی جێبەجێ دەکرێت، لە چوارچێوەی دەستپێشخەری بانکی ناوەندیی عێراق و رێنمایی سەرۆکوەزیرانە بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە وزەیە لە دامەزراوە حکومییەکان دا.
بەڕێوەبەری پەروەردەی رەسافەی یەک دەڵێت، لەم هەفتەیەوە دەست بە دانانی ئەو سیستمە کراوە. ئامانجی سەرەکی بریتییە لە رەخساندنی ژینگەیەکی پاک بۆ قوتابیان، رزگاربوون لە پیسی مۆلیدە، پچڕانی کارەبا لە کاتی دەوامی فەرمی و تاقیکردنەوەکان. گوتیشی، بەگەڕخستنی سیستمەکە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکار و گەرەنتی 25 ساڵ کارکردنی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ