عێراق خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ رێکخستنی کاری کرێکارانی بیانی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، خزمەتگوزارییەکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ رێکخستنەوەی کاروباری کرێکارانی بیانی لە عێراق رادەگەیێنێت و دەڵێت، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-11-2024) بڵاکراوەتەوە، ئەمینداریێتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نشینگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کار بە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ چاککردنی دۆخی یاسایی ئەو کرێکارە بیانییانەی، پێچەوانەی یاسای نشینگە لە عێراقن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەو خزمەتگوزارییە نوێیەی سەنتەری داتای نیشتمانی، لە دەروازەی ئەلیکترۆنیی بۆ خزمەتگوزاریی حکومیی "ئوور" زیادکراوە، کە سەکۆیەکی یەکگرتوو و پێشکەوتووە بۆ "ئاسانکاریی رێکارەکانی راستکردنەوەی دۆخی یاسایی" ئەو کرێکارە بیانییانە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە کرێکارانی سووریا، پاکستان و بەنگلادیش کراوە.
خزمەتگوزارییەکە هەموو ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان دا کردووە و، لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت دا کاردەکەن.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ''ئەو خزمەتگوزارییە، دوایین دەرفەتە بۆ ئەو کرێکارانەی بەشێوەی نایاسایی لە عێراقن بۆ رادەستکردنەوەی دۆخی یاساییان. 30 رۆژ وادەیان بۆ دانراوە، پێش ئەوەی رێکاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.''
پێشتر لە 01-7-2024 ئەو خزمەتگوزارییە بۆ ماوەی 45 رۆژ راگەیێندرا. لەو ماوەیەدا 7775 داواکاری پێشکێشکران، کە 3541 داواکاریان تەواوکران.
کرێکارانی بیانی بۆ راستکردنی دۆخی یاساییان لە رێگەی ئەو لینکەی خوارەوە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن:
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی هەن بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن، کە تەنانەت قاچاخچیێتیشیان پێوەدەکرێت.
ئاریان ئەحمەد، گوتی، بەگوێرە ئامارەکانیان زیاتر لە 8 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستانن و بەشێوەیەکی یاسایی کاردەکەن، بەڵام زۆر کرێکاری بیانیش هەن، کە بە نایاسایی لە هەرێمی کوردستانن.
گوتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، هەندێک کرێکار هەن بەشێوەیەکی یاسایی دەهێنرێن، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکانیان، ئەو کەسانەی هێناویانن دەستبەرداریان دەبن و ئەوانیش بە نایاسایی کاردەکەن.