رووداو دیجیتاڵ
لە نێو پەرلەمانی عێراق 150 واژۆ بۆ بەپارێزگاکردنی تەلعەفەر کۆکراوەتەوە، کە بەشێکی زۆری سنووری ئەو پارێزگا نوێیە ناوچە کوردستانییەکان دەگرێتەوە.
تەلعەفەر، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای نەینەوا. دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگاکە. سنوورەکەی لە باکوور دهۆك، لە رۆژئاوا قەزای شنگال، لە رۆژهەڵات قەزای موسڵ و قەزای حەزەر لە باشوور. سێ ناحیە لە خۆدەگرێت، کە بریتین لە: زوممار، رەبیعە و عیازییە.
موختار موسەوی، نوێنەری قەزای تەلعەفەر لە پەرلەمانی عێراق کە سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتە دەکات، رۆژی پێنجشەممە 28-11-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە نێو پەرلەمان 150 واژۆمان کۆکردووەتەوە".
بەگوتەی موختار موسەوی، کە تورکمانێکی شیعەمەزهەبە، "تەلعەفەر گەورەترین قەزایە لە هەموو عێراقدا، زۆربەی دانیشتووانەکەی تورکمانن، لەلایەن ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ستەمێکی زۆری لێدەکرێت هەم لە رووی نەتەوەیی و هەم لە رووی مەزهەبییەوە، بۆیە دەمانەوێت کۆتایی بەم ستەمە بێت و ببینە پارێزگایەکی سەربەخۆ".
موسەوی، کە هاوکات سەر بە رێکخراوی بەدرە، دەڵێت سنووری ئەو پارێزگایە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە، بە شنگال و زوممار و ناوچەکانی دیکە، کە بەکۆی گشتیی دەکاتە نزیکەی نیوەی سنووری ئێستای پارێزگای نەینەوا.
سروە محەممەد، یەکێکە لەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تەنیا واژۆمان لەسەر سەنتەری تەلعەفەر کردووە کە ببێتە پارێزگا، رازی نین هیچ ناوچەیەکی کوردستانی بگرێتەوە".
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان، موختار موسەوی دەڵێت، سوننەکان لە دژی ئەو هەنگاوەن، بەڵام هەڵوێستی کورد تاوەکو ئێستا باشە، 11 پەرلەمانتاری کوردیش واژۆیان لەسەر یاداشتەکەیان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، تەنیا ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری قەزای تەلعەفەر 320 هەزار کەسە، ساڵی 2014 نووری مالیکی کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، رەزامەندی لەسەر بە پارێزگاکردنی تەلعەفەر دەربڕیوە و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش لەو ساڵەدا پەسندی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ