دروستکردنى بەنداوێک هەزاران خێزان لە سەڵاحەدین رووبەڕووى کۆچکردن دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دروستکردنی بەنداوى مەکحولە لە پارێزگاى سەڵاحەدین هەزاران خێزان رووبەڕووی کۆچکردن بوونەتەوە و جووتیارانیش بە دوودڵییەوە کار لە کێڵگەکانیاندا دەکەن، چونکە بە دروستکردنى ئەو بەنداوە، زۆربەی زەوییەکانیان ژێر ئاو دەکەوێت.
 
30 گوندى ئەو سنوورە ئەگەرى چۆڵکردنیان هەیە کە دانیشتووانەکانیان زیاتر لە 10 هەزار کەسن، زۆرینەیان جووتیارن.
 
ئیبراهیم جبوورى، جووتیار دەڵێت، "ئێمە هەڵوێستمان وایە کە حکومەت قەرەبوومان بکاتەوە، بمانگوێزێتەوە و شوێنێکمان بۆ بدۆزێتەوە، بۆ کوێ بچین، ئایا ئێمە عێراقى نین؟"
 
بەنداوى مەحکول لەسەر رووبارى دیجلەیە، تواناى گلدانەوەى زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە.
 
سەلیم چەلوب، بەڕێوەبەرى گشتیى بەنداو و کۆگاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵى رابردوو دەستکراوە بە کارکردن لە بەنداوى مەکحول، بەنداوەکە گرنگە، ئەو ئامانجانە دەهێنێتەدى کە لەپێناویدا دروست دەکرێن، ئەوانیش بریتین لە رێگرى لە مەترسیی لافاو و زۆربوونى ئاو کە تواناى کۆگاکردنى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە، هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانى دیکەى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا و رێکخستنى بەردانەوەى ئاو و کۆنترۆڵکردنێتى."
 
رووبەرى بەنداوى مەکحول 3.6 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ماوەی دروستکردنەکەی پێنج ساڵ دەخایێنێت.
 
جەمیل جبوورى، جووتیار باس لەوە دەکات، "ناوچەکە نزیکەى 10 هەزار کەسی تێدا دەژى، دەگاتە 12 هەزار کەسیش، ئەگەر ئەمانە بگوێزرێنەوە، بێکار دەبن. پارچەیەک زەویمان نادەنێ، خانووەکەم 200 ملیۆن دینارى تێچووە، ئەوە چۆن دەبێت؟ حکومەت 15 بۆ بیست ملیۆن دینارم بداتێ؟ پێویستە دەوڵەت راست بێت لەگەڵماندا."
 
بیرۆکەى دروستکردنى بەنداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2001، بەڵام  20 ساڵ دواتر دەست بە دروستکردنى کرا.
 
ریاز سامەڕایی، جێگرى پارێزگارى سەڵاحەدین دەڵێت، "لیژنەیەکى تایبەت لە پارێزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکهێندراوە بە مەبەستى قەرەبووکردنەوەى دانیشتووانى ئەو گوندانەى کە بەنداوەکە دەیانگرێتەوە، کەسی سوودمەند دەبێت بگوێزرێتەوە بۆ شوێنى دیکە، لەبەر ئەوەى بەرژەوەندیى گشتى ئەوە دەخوازێت کە ئەو بەنداوە دروستبکرێت."
 
عێراق خاوەنى هەشت بەنداوە، بەڵام بەردەوام کێشەى کەمئاویى هەیە، بەرنەدانەوەى ئاوى پێویست لەلایەن ئێران و تورکیاوە هۆکارێکى سەرەکیى ئەو کێشەیە.