رووداو - هەولێر
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە راگەیێندراوێکیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، باڵیۆزخانەکەیان هەراساندکردن و ترساندنی میدیاکان لە عێراق سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئازادی قسەکردن بەردی بناغەی کۆمەڵگەی دیموکراسییە.
لە راگەیێندراوەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئەوەشهاتووە، هەڕەشەکردن لە ئازادی راگەیاندن لە عێراق رەتدەکەینەوە و لە دژی بڕیاری کۆمسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیایی عێراقین بۆ داخستنی نۆ تەلەفزیۆن لە عێراق.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی ئەم دواییەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیایی بۆ داخستنی تەلەڤزیۆنی دیجلە و هەروەها هێرشکردنە سەر پەیامنێرەکانیان لەگەڵ ئەرکەکانی عێراق بۆ پاراستنی مافەکانی ئازادی رادەربڕین، پارێزگاریکردن لە رۆژنامەڤانان و هەروەها قبووڵکردنی بۆچوونەکانی دیکەدا نایەتەوە.
هەر لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئەوەشهاتووە، سانسۆرکردنی میدیا لەسەر بنچینەی تۆمەت، هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و هەراسانکردنی رۆژنامەڤانان و بلۆککردنی ئینتەرنێت ئەو تاکتیکانەن کە بەکاردەهێندرێن بۆ هەڕەشەکردن، ترساندن و تەنانەت نەهێشتنی ئازادی میدیایی.
خۆپیشاندانەکانی عێراق کە لە سەرەتای مانگی رابردوو دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری دەستیانپێکرد، تاوەکو ئێستا بەردەوامن و ژمارەی کوژراو و برینداران لە زیادبووندان. بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 300 کەس کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربوونە. بەڵام خۆپیشاندەران ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ