خەمیس خەنجەر دەستى لە پۆستى سەرۆکى پارتى سەروەرى کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر دەستى لە پۆستى سەرۆکى پارتى سەروەرى کێشایەوە کە یەکێکە دیارترین پارتە سوننەکانى عێراق.
دەستلەکارکێشانەوەکە "هەنگاوێکى خۆپارێزى" بووە بۆ بەدوورگرتنى پارتەکە لە رێوشوێنەکانى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، بە فەرمى کۆمیسیۆن ئەمیندارى گشتى پارتى سەروەرى وەک سەرۆکى پارتەکە ناساندووە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە عەلى سەیفەدین، ئەمیندارى گشتیى پارتى سەروەرى رۆژی یەکشەممە 27ى تشرینى یەکەمی 2024 ئاراستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى کردووە، ئاماژەى بە دەستلەکارکێشانەوەى خەمیس خەنجەر کردووە لە پۆستى سەرۆکى پارتەکە.
ئەمیندارى گشتیى پارتى سەروەرى داواى کردووە لایەنە پەیوەندارەکان بە دەستەى لێپرسینەوە و داوەرییشەوە لەو دەستلەکارکێشانەوەیە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەى دەرفەت بدرێتە دەستەکە وردبینی لە دۆسیەکەیدا بکات،
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لە پارتى سەروەرى دەستى کەوتوون، دەستلەکارکێشانەوەى خەمیس خەنجەر و ناردنى نووسراوەکە بۆ کۆمیسیۆن راستن و بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوودا ئەو پارتە کۆبوونەوەیەک بە بەشدارى خەمیس خەنجەر بکات بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە.
خەمیس خەنجەر، 59 ساڵ، یەکێکە لە کارەکتەرە سیاسییەکانى عەرەبی سوننە. ساڵى 2013 بۆ یەکەمجار لە رێگەى هاوپەیمانى کەرامەوە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کرد.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پارتى سەروەرى کە لەبەر هەستیارى پرسەکە نەیوست ناوى بڵاو بکرێتەوە بە رووداوى گوت: "دەستلەکارکێشانەوەى خەمیس خەنجەر، ریکارێکى حیزبى خۆپارێزى بووە بۆ رێگرى لە بەئامانجگرتنى لە رووى سیاسییەوە".
مەبەست لەو رێکارە خۆپارێزییە، دوورخستنەوەى پارتى سەروەریی و دوورخستنەوەى سەرۆکەکەى لەلایەن دەستەى لێپرسینەوەو دادوەرى کە لێکۆڵینەوە لە پاشخانى هەموو ئەوانە دەکات، کە ئەگەر هەیە پەیوەندییان بە حیزبى بەعسەوە هەبووبێت.
بە گوێرەى نووسراوێکى دیکەى د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە 27ى تشرینى یەکەم ئاڕاستەى پارتى سەروەرى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە، دەست لەکارکێشانەوەى خەمیس خەنجەر لە دۆسیەى پارتەکە تۆمارکراوە و لەبرى ئەو عەلی سەیفەدین کراوە بە سەرۆکى پارتى سەروەرى.
ئەو فەرمانگەیە داواشی کردووە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتى سەروەرى، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، کە لە سەرکردایەتیى پارتەکەدا دروست بووە.
رۆژی دووشەممە 28ى تشرینى یەکەمی 2024 خەمیس خەنجەر وەک سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، بەردەوام دەبن لە داواکارى مافى کەسوکاریان بۆ گەڕاندنەوە بۆ زێدى خۆیان و زانینى چارەنووسی ئەوانەى بە زۆرەملێ بێسەروشوێنکراون و لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى خانووە خاپوورکراوەکان لەشارەکانیان و هەموارکردنى یاساى لێبووردنى گشتى و هەڵوەشاندنەوەى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى.
خەمیس خەنجەر دەڵێت: "قوربانیدانەکان هەرچۆنێک بن، بەردەوام دەبین لە داواکردنى ئەو مافانە" .
خەمیس خەنجەر لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 2021 سەرۆکایەتى هاوپەیمانى سەروەرى کرد کە هاوپەیمانى عەزم و پارتى تەقدووم پێکهێنەرى سەرەکى ئەو هاوپەیمانێتییە بوون و 65 کورسى پەرلەمانیان بەدەستهێنا.