رووداو دیجیتاڵ
قەتەر ئینێرجی، گەورەترین هەناردەکاری گازی شل لە جیهاندا رازی بوو پڕۆژەیەکی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر لە عێراق وەربگرێت.
قەتەر ئینێرجی دەڵێت، رەزامەندییان دەربڕیوە 50٪ـی پشکی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک کە بەشێکە لە 'پڕۆژەی یەکگرتووی گەشەپێدانی گاز' و بەهاکەی 27 ملیار دۆلارە.
گرێبەستەکە لە نێوان کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی و حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز واژۆکراوە.
مەبەست لە پڕۆژەکە زیادکردنی کارەبای عێراقە، لەنێویشیاندا لە رێگەی نەهێشتنی سووتانی گازی سێ کێڵگەی نەوتی و بەکارهێنانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
عێراق لەو رێگەیەوە دەیەوێت دوو ئامانج بەدی بهێنێت؛ کەمکردنەوەی هاوردەی گاز و رووکردنە وزەی پاک.
ئێستا عێراق 30٪ بۆ 40٪ـی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات. بەڵام ئێستا ئەو گازەی ئێرانیش کەمبووەتەوە، بۆیە کورتهێنانی کارەبا لە عێراق زیادبووە، بەتایبەتی لە هاویناندا.
ئەو پڕۆژەیەی قەتەر ئینێرجی وەریگرتووە تایبەتە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی خانەکانی وەرگری وزەی خۆر [سۆلار پانێل] و بڕیارە لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2027 لە رێگەی 2 ملیۆن خانەی وەرگری وزەی خۆرەوە 1.25 گیگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت، دەتوانێت کارەبای نزیکەی 350 هەزار خێزان لە بەسرە دابین بکات.
5ى ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى کرد بۆ باشکردنى دۆخى کارەبا کە زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەبا و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئەو کەرتە بەشدار بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەوکاتە بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پلانێک پەسند کراوە بۆ ئەوەى سیستمى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر بخرێتە نێو خانووەکان بە ئامانجى ئەوەى گوشار لەسەر تۆڕى نیشتمانی کارەبا کەمبکرێتەوە.
دانانى ئەو سیستمە لە رێگەى پانێڵەوە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەی خۆر. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرابوو گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان بکەن بۆ دابینکردنى ئەو سیستمە.
2ـی تەمموزی ئەم ساڵیش، دەستەى وەبەرهێنانى عێراق یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنانى دایە تۆتاڵ ئینێرجی بۆ ئەوەى کارەبا لە رێگەى خۆرەوە بەرهەمبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ