رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، رۆژی هەینی 27-10-2023 هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق شکست پێ هێناوە.
هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن رایگەیاند، کاژێر 4:30ـی بەیانی بەکاتی هەولێر، فڕۆکە جەنگییە ئێف شازدەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومان کرد کە بە گوتەی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کۆگەی چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانیان لەنێوبردووە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوتی، "هێزەکانی ئەمریکا لە دووری چەند کیلۆمەترێک لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدەوە لە عێراق، بەرپەرچی هێرشێکی درۆنییان دایەوە و بە سەرکەوتوویی درۆنەکەیان خستە خوارەوە، بێ ئەوەی رووداوی زیاتری لێ بکەوێتەوە."
گرووپێکی چەکدار کە خۆی بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناودەبات، هاوشێوەی چەندین هێرشی دیکەی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق، بەرپرسیاریەتیی خۆی لەو هێرشەش راگەیاند.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هەروەها باسی لەوە کردووە کە رۆژی پێنجشەممە بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش لە سووریا. "هیچ زیانی گیانی یان مادییان نەبووە."
بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 4:30 بە کاتی هەولێر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومانکرد.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بۆردوومانەکە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەو پێگانە کراونەتە ئامانج کە سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە نزیکەکانی بەکاریان دەهێنان و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکان "وەڵامێک بوون بۆ زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام و شکستخواردوو لە لایەن گرووپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆسەر ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا."
لۆید ئۆستن گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای جەنگدا ناگەڕێت، بەڵام "ئەو هێرشانە کە بە پاڵپشتی ئێران دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نین و دەبێت بووستن. ئێران دەیەوێت دەستی خۆی بشارێتەوە و نکۆڵی لە رۆڵی خۆی لەو هێرشانەدا بۆسەر هێزەکانمان بکات، بەڵام ئێمە رێگە نادەین. ئەگەر هێرشەکان بۆسەر هێزەکانمان لە لایەن هێزە بەوەکالەتەکانی ئێرانەوە بەردەوام بن، دوو دڵ نابین لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان."
لە دوو هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و بە گوێرەی لۆید ئۆستن، لە ئەنجامیاندا بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 هاووڵاتی دیکەی ئەمریکا بریندار بوون کە برینەکەیان سووک بووە و هەموویان دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ