کاردانەوەی خەڵکی موسڵ دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی

 
رووداو  -هەولێر

 

پارێزگای موسڵ، ئەو شوێنەی کە ئەبووبەکر بەغدادی بەدڵی خۆی و بەڕاست و چەپ لە دەوڵەتە ئیسلامییەکەی، خیلافەتی دەکرد و لەماوەی سێ ساڵدا سەدان کەس بەهۆی ئەو و رێکخراوەکەی بە هۆکاری جیاواز لەو شارە کوژران، بەمشێوەیە کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر هەواڵی کوشتنی دەردەبڕن. 
 
سەعد خەلیل، فرۆشیارێكی موسڵە، هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "وێڕای ئەو وێرانییەی کە بە ئێمەی کرد و ئەو قۆناخە نەهامەتبارییانەی کە پیایاندا تێپەڕبووین، لەگەڵ هەموو ئەو شتانە پێویستە یەک شت بڵێین، داوا لە خودا دەکەین تۆڵە لەو و لە هاوکارەکانی بسێنێتەوە لەسەر هەموو شتێك کە ئەنجامیدا، چونکە ئـێمە هیچمان نەکردبوو".
 
لە مانگی رەمەزانی ساڵی 2014 ، بەغدادی لەم مزگەوتێکی موسڵ خیلافەتەکەی راگەیاند، بەڵام پێنج ساڵ دوای ئەو کاتە و تا کوژرانیشی داعش نەیتوانی کەسی دیکە لە شوێنی بەغدادی دابنێت، ئەبوو عوبەیدە، دانیشتووی موسڵە و لەو بارەیەوە دەڵێت "ئیدی لەمەودوا شەڕ دەکرێت لەسەر پڕکردنەوەی پۆستەکەی". 
 
ئەبوو عوبەیدە دەشڵێت "داعش دەست بە کارەکانی دەکات و ئەمجارەش ئەمریکا هاوکارییان دەکات. تۆ وا دەزانیت کێ پاڵپشتییان دەکات؟ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانن. ئەگینا ئەوان هەموویان 300 کەس بوون چۆن دەتوانن سێ لەسەر چواری خاکی عێراق بگرن؟"
 
بەشی زۆری خەڵکی موسڵ دەڵێن، لە سێ ساڵی دەسەڵاتی داعش لە شارەکەیان، سەدان کەس بە چەندین هۆکار و بە شیوازی جۆراوجۆر کوژراون. ژمارەیان دیار نییە، چونکە ناوەندێك نەبووە تۆماریان بکات و بە بەڵگەیان بکات.
 
موزهیر عەبدولقادر خەڵکی موسڵە، لەو بارەیەوە گوتی "ژمارەیەکی زۆر لە موسڵییەکان بەتایبەتی لە موسڵی کۆن کوشت و تاوەکو ئێستاش تەرمەکان لەژێر باڵەخانە و ماڵە رووخاوەکاندا ماون، ئەوەش بەهۆی ئەو و رێکخراوەکەی".