گەرمەشینی دوای شایی؛ دۆخی بووک و زاواکەی حەمدانیە لە زاری خۆیانەوە

 
بڵند تاهیر، فۆتۆگرافەری رووداو لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا هاوکاربووە

رووداو دیجیتاڵ 

هەستت چۆن دەبێت ئەگەر ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەت تێک بچێت؟ ئەی ئەگەر ئاهەنگەکەت تێکبچێت و دایکیشت لەنێو ئاهەنگەکەدا لەدەستبدەیت؟ لە سەرووی ئەوەشەوە ئەگەر لەنێو ئاهەنگەکەی تۆدا زیاتر لە 100 کەس لە خۆشەویستانت لە چەند چرکەیەکدا لەدەستبدەیت؟ ئێستا حەنین و ئیرڤان، بووک و زاواکەی حەمدانییە لەنێو هەموو ئەو ئازارانەدا رۆژەکانیان بەڕێ دەکەن. 
 
چوومە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، شەقامەکان ماتەمیان لێدەبارێت و دەچیتە هەر لایەک شیوەن و گریانە. لە دوو رۆژی رابردوودا دەیان تەرم پاش بردنیان بۆ کەنیسە و ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان، لەگەڵ ئاپۆڕای ئازیزانیان بە شین و گریانەوە لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک سپێردران. 
 
ئەو کەسانەی تەرمەکانیان بەرەو گۆڕستان برا، میوانی ئاهەنگێکی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بوون کە لەپڕدا و بەهۆی یارییە ئاگرینەکان هۆڵەکە بووە دۆزەخ بۆ میوانەکان و بووک و زاوا و بەهۆیەوە دەیان کەسیان سووتان و گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک هێشتا بێسەروشوێنن. 

چیرۆکە ناخهەژێنەکان لە حەمدانیەوە

 

 
بووک و زاوا رەتی دەکەنەوە لەبەردەم کامێراکان قسە بکەن، هەرچەندە لە رووی تەندروستییەوە باشن، بەڵام لە رووی دەروونییەوە لە دۆخێکی خراپدان و دەروونیان بەتەواوی شێواوە، چونکە جگە لە تێکچوونی یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی ژیانی نوێیان، چەندین کەسی نزیکیان لەدەستداوە؛ بووکەکە دایکی لەدەستداوە، زاواکەش مامۆژنی لەدەستداوە. هەروەها کۆمەڵێک کەسی دیکەی خۆشەویستیان لەدەستداوە. 
 
دۆخێکی دیکەی ناخۆش کە بەسەر ئەو بووک و زاوایەدا هاتووە ئەوەیە بەشێک لە کەسوکاری قوربانییان بە چاوێک سەیریان دەکەن کە ئەوان هۆکاری ئەو مەرگەساتە بووبن، حەنین و رێڤان بە جلوبەرگە رەشەکەیانەوە کاتێک بیریان لەو قسانە دەکردەوە تووند دەستیان یەکدییان دەگرت و بە ئاماژەی سەر و بەبێدەنگی دەیانویست پێم بڵێن، "تاوانی ئێمە نییە، کەس حەز ناکات دۆخێکی وا بەسەر دووژمنەکەیشیدا بێت." زاواکە پێی گوتم، شەوی یەکەم چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و جامی ئۆتۆمبێلەکەیشیان شکاندووە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پابەندنەبوون بووە بە رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی لەکاتی دروستکردنی هۆڵەکەدا و خراپیی کوالێتیی ئەو کەرەستانە بووە لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون. بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا خاوەنی هۆڵەکە و زیاتر لە 10 کەسی دیکە دەستگیرکراون. 
 
حەنین ریاز تەمەنی 18 ساڵانە و قوتابییە، رێڤان ئیشوعیش تەمەنی 28 ساڵانە و پیشەی نانەوایە.
 
رێڤان لەو دۆخەدا نایەوێت دەستی حەنین بەربدات، لەبەر دەرگەی ئەو ماڵەی لێی دەمێننەوە بە جلوبەرگێکی رەشەوە لەگەڵیدا دانیشتبوو، جار جار لەبەرخۆیەوە لە حەنینی دەپرسی، بەڕاستی ئەو کەسانە وایان لێهاتووە؟ وەکو ئەوەی هێشتا نەیەوێت باوەڕ بەو مەرگەساتە بکات کە روویداوە، لەولاترەوە وەڵامی لە دەنگی خزمەکانیانەوە لەبری حەنین گوێ لێدەبوو کە هیوایان پێی دەدا و دڵنیایان دەکردەوە ئەوەی روویداوە شتێک نییە دەستی ئەوی تێدابێت. پێویستە ئەوان ژیانی خۆیان دەستپێبکەن. 

 

 
لەدوای رووداوەکەوە دۆخی حەمدانیە بەجۆرێکە بەدەگمەن دووکان و مارکێتێک دەبینی کرابێتەوە، ماتەمینی سەرتاپای شارەکەی داگرتووە، کاتێک سەردانی نەخۆشخانەکانم کرد، کافتریای نێو نەخۆشخانەکەش داخرابوو و ستافەکەی باسیان لەوە دەکرد، دەستیان ناچێتە ئەوەی کاربکەن و خۆراک دروست بکەن. 
 
چیرۆکی ناخهەژێن لە حەمدانیە زۆرن، لەنێو پرسەی قوربانییەکان غەزوانمان بینی، ئەو لە رووداوەکەدا دوو برا، براژنێک و برازایەکی لەدەستداوە، برازایەکی تەمەن دوو ساڵانیشی چارەنووسی نادیارە و نەدۆزراوەتەوە. غەزوان لە پرسەکەدا بەکوڵ دەگریا و نەیدەزانی فرمێسک بۆ کام ئازیزی بگێڕێت. 

 

 
"پێویستم بە دەستەکانمە"
 
دانیال ویسامی 12 ساڵان قوربانییەکی دیکەی رووداوەکەیە، ئەوەندەی بیری لای هەواڵێکی خێزانەکەیەتی، هێندە گوێ بە ئازاری برینەکانی نادات، ئەو ئێستا لە نەخۆشخانەی حەمدانیە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام لە دایک، باوک و خوشکەکەی دابڕاوە، ئەوانیش بریندارن و لە نەخۆشخانەکانی هەولێر چارەسەر وەردەگرن.
 
دانیال بە رووداوی راگەیاند، "من لە نەخۆشخانەم لە قەرەقووش، دایکم و خوشکم و ئەوانی دیکە لە نەخۆشخانەکانی هەولێرن، پێویستم بە گەڕاندنەوە و چاکبوونەوەی دەستەکانمە.. دەمەوێت لێپێچینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بکرێت، ئەوانەی هۆکاری رووداوەکەبوون."
 
هانی عەبۆش بریندارێکی دیکەی رووداوەکەیە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە، هەرچۆنێک بێت درەنگ یان زوو برینەکانی جەستەی ساڕێژدەبن، بەڵام خەمی گەورەی ئەو ساڕێژبوونی برینەکانی دڵ و دەروونیەتی، چونکە پێنج کەسی لە ئازیزانی لەدەستداوە لەنێویاندا هاوژینەکەی کە لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە ناوەکەی دەگوتەوە و پێی دەگوت "خۆشەویستم."
 
ئەگەر تەمەن رێگەی بدایە و ئەو رووداوە رووینەدایە، ستیڤن و مەریەم بەنیاز بوون هەفتەی داهاتوو لە هەمان هۆڵ ئاهەنگی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییان بکەن، بەڵام رووداوەکە روویدا و مەریەم بۆ هەتا هەتایە لە ستێڤن دوورکەوتەوە. ستیڤن لە پرسەکەی مەریەم وێنەکەی لەباوەش گرتووە و بەکوڵ دەگری، ئاهی ئەوە هەڵدەکێشێت کە مەریەم تەلەفۆنی بۆکردووە تاوەکو رزگاری بکات، بەڵام نەیتوانیوە.