وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداو: بریندارانی رووداوەکەی حەمدانییە بە 5 بۆ 10 ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە


رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا سەردانی نەخۆشخانەی کرد و بریندارانی رووداوی ئاگرگرتنی هۆڵەکەی قەزای حەمدانیەی بەسەر کردەوە و قەرەبووی کردنەوە. 
 
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق یاوەری سوودانی کردووە لە سەردانی بۆ نەخۆشخانە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دا گوتی، بریندارەکان بە 5 تاوەکو 10 ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە. دەشڵێت، بەشێک لە بریندارەکان رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن. 
 
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەواییدا رایگەیاند، "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە هەیە، کارەکانی خۆی دەکات، کەمتەرخەمی هەیە، ئێستا زیاتر لە 14 کەس دەستگیرکراون، لە کاژێرەکانی داهاتوودا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لێپرسینەوە لەگەڵ کەمتەرخەمەکان دەکرێت، هەموو ئەمانە بە بڕیار و رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، هەر کەمتەرخەمبووێک سزای خۆی وەردەگرێت."

لەبارەی رێکارەکانی سەلامەتیی باڵەخانەکان، ئیڤان فایەق گوتی، "بۆ سەلامەتیی باڵەخاکان گشتاندن بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکرێت لە رێگەی بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کە بەدواداچوون بۆ هەموو باڵەخانە و دامەزراوەکان دەکرێت کە لەسەر هەمانشێوە خراپەکەی هۆڵی هەیسەم دروستکراون، بەبێ بوونی مەرجەکانی سەلامەتی، لێپرسینەوەش لە کەمتەرخەمبووی راستەقینە دەکرێت و سزادەدرێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد، لە نەخۆشخانەی کۆماریی مووسڵ. وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "یەکەم کاروانی برینداران کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەن لە باکووری خۆشەویستمان، رەوانەی تورکیان دەکرێن بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن، هەروەها لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ هاوتاکردنی (DNA) بۆ ناسینەوەی تەرمەکان."

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە یاوەری سوودانی بوو لە کاتی سەردانی برینداران لە نەخۆشخانە لە وەڵامی پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دا لەبارەی قەرەبوو کردنەوەی بریندارەکان گوتی، "لەوکاتەی لە نەخۆشخانەی بووین، راستەوخۆ بریندارەکان بە 5 بۆ 10 ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە."

رۆژی چوارشەممە، 27-09-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە هەولێر، سەردانی قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد و لە نزیکەوە قسەی لەگەڵدا کردن.
 
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوەی پێویستە، لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانیانی رووداوەکە دەیکەن و گوتی، هەر لە کاژێری یەکەمەوە کە کارەساتەکە روویدا، ئەمبیوڵانسەکان لە هەولێرەوە بۆ گواستنەوەی قوربانیان گەیشتنە حەمدانیە.
  
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە کرد و رایگەیاند ''ئێمە داوامان کرد کە دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەم مەسەلەیە بکرێت و دەبێ قوربانییانی رووداوەکە قەرەبوو بکرێنەوە.''

شەوی 26-09-2023 ئاگر لە هۆلێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانییە کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.