دوای 30 ساڵ گەشتە راستەوخۆکانی نێوان بەغدا و مۆسکۆ دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ژمارەیەک وڵات زیاد دەکات و سەرەتای هەفتەی داهاتووش گەشتی راستەوخۆی نێوان بەغدا - مۆسکۆ دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی 28-09-2023، مەیسەم سافی، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێڵی ئاسمانی عێراقییە گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی فراوان دەکات، مانگی داهاتوو گەشتی ئاسمانیی (بەغدا- کوالالامپوور) دەستپێدەکات، کارەکان بەردەوامن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ دانمارک و ئەڵمانیا، رێکارەکانیش بۆ گەشتی ئاسمانیی ئازەربایجان تەواو بوون و، لە 10ـی مانگی داهاتووشدا گەشتەکان بۆ شاری گوانجۆی چین دەستپێدەکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتیشی، یەکەم گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی بەغدا - مۆسکۆ لە 30ـی ئەیلوولی 2023 دەستپێدەکات و، هەفتانە دوو گەشت دەکرێن، لە رۆژانی شەممە و سێشەممە.
دەستپێکردنەوەی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان بەغدا و مۆسکۆ دوای نزیکەی 30 ساڵ دێت لە راگرتنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی نێوان ئەو دوو پایتەختە.
بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28-9-2023) ، فڕۆکەی دووەمی جۆری بۆینگ دریملاینەر - B787-8 لە فڕۆکەخانەی چارلستۆن لە ویلایەتی کارۆلاینا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن تیمی فڕۆکەوانیی عێراقییەوە بگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا، تاوەکو بە فەرمی لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی بخرێتەکار. ئەمە لە کۆی ئەو 10 فڕۆکەیە کە عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی کردووە بۆ نوێ و بەرزکردنەوەی توانای هێڵی ئاسمانی عێراقییە.